جەبار جەمال غەریب رۆمانی کەوتنی ئاسمانەکانی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە

جەبەر جەمال غەریب، نووسەر و رۆماننووسی کورد، نوێترین رۆمانی خۆی بەناوی "کەوتنی ئاسمانەکان"، کە لەلایەن دەزگەی ئەمەزۆن چاپکراوە، بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئایاری 2026، جەبار جەمال غەریب، نووسەر و رۆماننووسی کورد بە کوردستان24ی گوت، "رۆمانی "کەوتنی ئاسمانەکان"، دەتوانم بڵێم گرنگترین و ناسراوترین رۆمانی کوردییە، بە شایستەیی خۆی جێگەی خۆی کردۆتەوە لەنێو ئەدەبی کوردی دا و توانیویەتی سنووری ئەدەبی کوردیش تێبپەڕێنێت، ئەو رۆمانە کراوەتە سەر زمانی فارسی و چوار جار پێشکەشی دەزگای مۆڵەت کراوە، بەڵام هەر چوار جارەکە قبووڵ نەکراوە لەبەر ناوەڕۆکە بەهێزەکەی. هەروەها ئەو رۆمانە کراوەتە عەرەبی و لە لەندەن چاپکراوە. هەروەها لەمانگی نیساندا لەلایەن دەزگەی ئاگۆرا ڤیژن کە ئینگلیزی زانن کردوویانە بە ئینگلیزی و لەلایەن دەزگای بەنێوبانگی ئەمەزۆن چاپ و بڵاوکراوەتەوە."

جەبار جەمال غەریب گوتیشی: "ئەو رۆمانە باس لە رووداوەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی لە جەنگی عێراق و ئێران دەکات، بەشی زۆری کێشەکانی کوردی تێدایە، کورد لەوێدا خۆی دەبینێت. هەروەها تا ئێستا چەندینجار ئەو رۆمانە خەڵات کراوە، گرنگترین خەڵاتیش وەری گرتبێت قەڵەمی زێڕینی مامۆستا هەژارە، کە لەسنە کە مانگی ئایاری 2025، لەنێوان 913 کتێبدا، "کەوتنی ئاسمانەکان"، خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی مامۆستا هەژاری پێبڕا. هەروەها لە فێستیڤاڵی گەلاوێژیش، خەڵاتی ئاڵتوونی فێستیڤاڵی 20ـمینی گەلاوێژی پێبڕا."

ئەو رۆماننووسە کوردە باس لە گرنگی وەرگێڕانی کتێبی کوردی بۆسەر زمانەکانی وڵاتانی دیکە دەکات و دەڵێت: "هیوادارم ئەو وەرگێڕانە، دەرگا کردنەوەیەکی دیکە بێت، نەک بەڕووی رۆمانی "کەوتنی ئاسمانەکان"، بەڵکو چوونی هەر رۆمانێکی کوردی بۆ نێو لیستی رۆمانەکانی دونیا، سەرکەوتنێکە بۆ ئەدەبی کوردی، بۆیە ئێمەش دەمانەوێ ئەدەبیش ببێتە دەرگایەک بۆ ناساندنی نەتەوەیەکی چەوساوە و بریندار."

جەبار جەمال غەریب، نووسەر و رۆماننووسی کورد، لە ساڵی 1961 لە قەڵادزێ لە دایک بووە. لە سەرەتای ساڵەکانی 1980 دەستی کردووە بە نووسین. لە سەرەتاوە چیرۆکی دەنووسی، بەڵام دواتر دەستیکرد بە نۆڤێڵ نووسین و دواتریش سەرقاڵی نووسینی رۆمان بوو. خاوەنی 10 کتێبی چاپکراوە لەبواری چیڕۆک و رۆماندا.