کشتوکاڵی هەولێر چەند رێنماییەک بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیاران بڵاودەکاتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئایاری 2026، بە مەبەستی پاراستنی دەغڵودان و رێگریکردن لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر کۆمەڵێک رێنمایی و مەرجی توندی بۆ خاوەن دەڕاسە و جووتیاران لە وەرزی دروێنەدا راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت دەکاتەوە، پێویستە هەموو خاوەن دەڕاسەکان و جووتیاران پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن بۆ ئەوەی وەرزی دروێنە بەبێ زیان کۆتایی بێت:
1- پێویستە لە ناو هەر دەڕاسەیەکدا ئامێری ئاگرکوژێنەوە هەبێت، هەروەها تانکەرێکی ئاو بە بەردەوامی لەگەڵ دەڕاسەکەدا بێت بۆ هەر بارودۆخێکی نەخوازراو.
2- بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەدات کە بە هیچ شێوەیەک نابێت کرداری "لەحیمکردن" لە ناو کێڵگەکاندا ئەنجام بدرێت، هەروەها داوا لە شۆفێری دەڕاسەکان دەکات لە کاتی کارکردندا لە جگەرەکێشان بەدوور بن.
3- پێویستە شۆفێرانی دەڕاسە زۆر بە ئاگا بن و چاودێری هێڵەکانی کارەبا بکەن لە کاتی کارکردندا بۆ ئەوەی تووشی رووداوی کارەبا لێدان نەبن.
4-داوا دەکرێت رێگاکانی نێوان تۆخوبەکان و رێگای چوونە سەر زەوییەکان چاک بکرێن، تاوەکو لە کاتی هەر رووداوێکدا تیمەکانی بەرگری شارستانی بتوانن بە ئاسانی بگەنە شوێنی مەبەست.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ژمارەی تەلەفۆنی بنکەکانی بەرگری شارستانی هەمیشە بەردەست بن لای جووتیاران بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا دەستبەجێ پەیوەندییان پێوە بکرێت.