پۆلیتیکۆ: واشنتن سزای ئەوروپا دەدات
ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، جووڵەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا ئاماژەن بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان، کە تیایدا واشنتن بەنیازی هاوکاریی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی نییە، بەڵکو دەیەوێت سزایان بدات.
شەممە 2ـی ئایاری 2026، ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ئەم گۆڕانکارییە لە پەیوەندی و سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە وڵاتانی ئەوروپا لە کاتێکدایە، سەرەنجی ئەمریکا لە قەیرانی ئۆکرانیاوە گۆڕاوە بۆ رووبەڕووبوونەوە و جەنگ دژی ئێران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم پۆلیتیکۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بایەخێکی زۆری بە لایەنی سەربازی دژی ئێران داوە و کەمتر گرنگی بە ململانێی ئۆکرانیا دەدات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی توند لای ترەمپ بەرانبەر بە وڵاتانی ئەوروپای ئەندام لە "ناتۆ"، چونکە وەک پێویست پشتگیریی پلانەکانی ئەمریکا دژی ئێران ناکەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ساردبوونەوەیە وای کردووە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ بدەن بە خێرایی پشتبەستنی خۆیان بە واشنتن کەم بکەنەوە.
پۆلیتیکۆ نوسیویەتی: "ناکۆکییەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی گەیشتووەتە ئاستێک کە ئیتر چارەسەرکردنیان ئەستەم دەردەکەوێت."
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، رەخنەکانی ترەمپ لە فرێدریک مێرتز راوێژکاری ئەڵمانیا و پلانەکانی بۆ کەمکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ئەڵمانیا، لەگەڵ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتن لە 29ـی نیساندا، هەموویان بەڵگەن لەسەر ئەوەی واشنتن لە ئێستادا زیاتر خەریکی ئیدانەکردن و سزادانی ئەوروپایە نەک هاوکاریکردنیان.