ئیكۆ عێراق: داخستنی گەرووی هورمز نرخی هێلکەی لە عێراق بەرز کردووەتەوە
قەیرانی گەرووی هورمز گورز لە کەرتی پەلەوەری عێراق دەوەشێنێت
بەهۆی بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمزەوە، نرخی ئالیکی پەلەوەر لە عێراق بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر بازاڕەکان و نرخی هێلکەی بە رێژەیەکی پێوانەیی گران کردووە، بە جۆرێک کارتۆنێکی هێلکە گەیشتووەتە 80 هەزار دینار.
شەممە، 2ـی ئایاری 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: "داخستنی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ئالیکی پەلەوەر."
روونیشی کردووەتەوە، کە "یەکێک لە پێکهاتەکانی ئالیک بریتییە لە سۆیا، کە نرخی یەک تۆنی لە 550 هەزار دینارەوە بۆ 700 هەزار دینار بەرز بووەتەوە."
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ماددەی پریمێکس کە تێکەڵەیەکە لە ڤیتامینەکان و لە پێکهاتەی ئالیکدا بەکار دێت، نرخی یەک تۆنی لە یەک ملیۆن و 500 هەزارەوە بۆ دوو ملیۆن دینار بەرز بووەتەوە."
روانگەکە جەخت دەکاتەوە کە بەپێی قەبارەکان، نرخی فەرمیی بۆ فرۆشتنی یەک کارتۆن هێلکەی خواردن لە نێوان 60 بۆ 65 هەزار دیناری عێراقیدایە، بەڵام "ئێستا لەلایەن قۆرخکاران و ئەو کەسانەی سەرپێچیی بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەن، بە 80 هەزار دینار دەفرۆشرێت."
ئیکۆ عێراق، پێشبینی دەکات کە حکوومەت بڕیاری رێگەپێدان بە هاوردەکردنی هێلکە دەربکات، بە ئامانجی ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنان بگەڕێتەوە بۆ ئاستەکانی پێشووی.