فیلمی "دەریای ئومێد" لە ماوەی پێنج مانگدا بەشداری لە 31 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا کردووە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، جوبرائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری سینەمایی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 رایگەیاند؛ بە شانازییەوە لە ماوەی کەمتر لە پێنج مانگدا، فیلمی "دەریای ئومێد" توانیویەتی لە 31 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداری بکات.
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بە نوێترین سەرکەوتنی فیلمەکە کرد و گوتی: "ئێستا فیلمی دەریای ئومێد لە وڵاتی تورکیا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی (فیناڵ) لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی (Turan Film Festival)، هەروەها بڕیار وایە مەراسیمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەش بە فیلمێکی من دەست پێ بکات."
جوبرائیل ئەبوبەکر وەک یەکەمین سینەماکاری هەولێر و کوردستان، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا توانیویەتی لە پێنج فێستیڤاڵی جیاوازی وڵاتی تورکیا بەشداری بکات، کە بریتین لە: دوو فێستیڤاڵ لە ئیستانبوڵ، فێستیڤاڵێک لە یالۆڤا، یەکێک لە ئەنقەرە و ئێستاش لە شاری ئیزمیر بەشدارە.
دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەکر ئاشکرای کرد، فیلمەکەی لە فێستیڤاڵی ئیزمیر کاندیدە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵەکە.
