حکوومەتی هەرێمی کوردستان 4 ملیار دیناری وەک پاڵپشتی بۆ ئەم وەرزەی حەج تەرخان کردووە

وەرزی حەجی ئەمساڵ دەست پێ دەکات و تێیدا 5 هەزار و 120 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان فەریزەی حەج بەجێ دەگەیەنن، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاسانکاریی تەواو و پاڵپشتیی دارایی بۆ حاجییان دابین دەکات.

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی 7ـی ئایاری 2026، یەکەم گەشتی حاجییان لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە دەست پێ بکات، پڕۆسەی گواستنەوەی سەرجەم حاجییان بە شێوەیەکی چڕوپڕ بەڕێوە دەچێت و لە ماوەی 5 رۆژدا هەموو حاجییان دەگەیەنرێنە وڵاتی سعوودیە، جێی ئاماژەیە، ئەمساڵ تەواوی گەشتەکان تەنیا لە رێگەی ئاسمانییەوە دەبن و گەشتی وشکانی ئەنجام نادرێت.

بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی حاجییان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیمێکی تایبەتی لە 108 فەرمانبەر و کارمەند پێک هێناوە، کە پێکهاتوون لە تیمەکانی (پزیشکی، کارگێڕی، چاودێریی خواردن و هاتوچۆ) تا لە هەموو قۆناخەکانی گەشتەکەدا هاوکار و خزمەتگوزاری حاجییان بن.

لە لایەکی دیکەوە و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 4 ملیار دیناری وەک پاڵپشتی بۆ ئەم وەرزەی حەج تەرخان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی داشکاندن و کەمکردنەوەی تێچووی گشتیی گەشتەکە بۆ هەر حاجییەک.