پێشانگەی کتێب لە رانیە کرایەوە

بە بەشداری هەشت دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، پێشانگەی کتێب لە زانکۆی راپەڕین لە رانییە کرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ی ئایاری 2026، نەوزاد غەریب، بەڕێوەبەری پێشانگەکە بە کوردستان24ی گوت، "پێشانگەکە بە بەشداری هەشت دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەڕێوە دەچێت، کە بریتین لە، فام، تەفسیر، ئاستانا، کتێبخانەی ئەدیبان، وەفایی، موکریان، نووسیار و مانگ. هەروەها، کتێبگەلێکی دیکە لە دەزگاکانی وەکو رەهەند، بەختیاری، غەزەلنووس، ئاوێر و کتێبخانەی یادگار لەم پێشانگەیەدا پێشکەش کراون."

نەوزاد غەریب گوتیشی، "گرنگی ئەم پێشانگەیە لەوەدایە کە داشکاندنی زۆر باش بۆ کتێبەکان دابین کراوە، لە 20% تاوەکو 70%، کە دەرفەتێکی باشە بۆ خوێنەران بۆ کڕینی کتێب بە نرخێکی گونجاو.

بەڕێوەبەری پێشانگەکە باس لەو کتێبانە دەکات کە لەم پێشانگەیە بەردەستن و دەڵێت، "لە هەمان کاتدا، پێشانگەکە کتێبی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لەخۆ گرتووە، کە وای کردووە بۆ هەموو خوێنەران بەردەست بێت. بە گشتی، نزیکەی 2000 ناونیشانی جیاواز و زیاتر لە 3000 دانە کتێبی جۆراوجۆر لەم پێشانگەیەدا هەن."

ئەم پێشانگەی کتێبە، کە هەشت دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە تێیدا بەشدارن، ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ی ئایاری 2026، لە زانکۆی راپەڕین لە رانییە کرایەوە و بۆ ماوەی 5 رۆژ بەردەوام دەبێت.