لە قۆناغی دووەم هەولێر و نەورۆز هەمان ریكۆردیان تۆمار كردووە

ئەم دوو یانەیە بوونەتە هەڕەشە لە دژی یانە گەورەكانی بەغدا

رەوا یووسف ناوەراستكاری نەورۆز و شێرزۆد هێرشبەری هەولێر
رەوا یووسف ناوەراستكاری نەورۆز و شێرزۆد هێرشبەری هەولێر

لە قۆناغی دووەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە دوای تێپەڕبوونی 13 گەڕ، جگە لە یانەكانی قوە جەوییە و شورتە هیچ یانەیەك نەیتوانیوە هەمان ریكۆردی یانەكانی هەولێر و نەورۆز تۆمار بكات.

هەولێر و نەورۆز بوونەتە دوو ڕووی یەك دراو
 لە قۆناغی دووەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەكانی هەولێر و نەورۆز بەهێزترین هێڵی هێرشبەریان هەیە، بەوپێیەی لە كۆی 13 یاری، هەریەكەشیان 22 گۆڵیان كردووە، هەریەكەشیان 8 سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.
یانەی هەولێر لە كۆی 13 یاری، 8 كلین شیتی هەیە، هەرچی یانەی نەورۆزە تەنیا لە چوار یاری توانیویەتی تۆڕی گۆڵەكەی بەخاوێنی بهێڵێتەوە. 
زەورا لە دوای یانەكانی هەولێر و نەورۆز خاوەنی پێنجەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە كە لە كۆی 13 یاری، 21 گۆڵیان تۆمار كردووە.
 تەنیا یانەكانی قوە جەوییە و شورتە كە هەریەكیان 26 گۆڵیان كردووە ئاماری گۆڵەكانیان لەو دوو یانە كوردستانییە (هەولێر و نەورۆز) زیاترە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی زاخۆ كە یارییەكی دواخراوی لە قۆناغی دووەم هەیە لە كۆی 12 یاری، 6 بردنەوەی هەیە و 16 گۆڵی تۆمار كردووە، هەرچی یانەی دهۆكە لە كۆی 13 یاری، 13 گۆڵی تۆمار كردووە و تەنیا 4 سەركەوتنیشی هەیە.
بەگشتی یانەی شورتە بە تۆمار كردنی 61 گۆڵ خاوەنی زۆرترین گۆڵە لەم وەرزە، لە پلەی دووەمیش یانەی جەوییە دێت 51 گۆڵی هەیە، هەولێر بە تۆماركردنی 47 گۆڵ پلەی سێیەمی گرتووە. زاخۆ 42 گۆڵی هەیە و لە ریزبەندی حەوتەمی زۆرترین گۆڵی خولەكە دێت، نەورۆز 42 گۆڵی هەیە و دهۆكیش خاوەنی 35 گۆڵە.