بەهۆی لێدوانەکەی ترەمپ، نرخی نەوت و زێڕ دابەزین

ئەرشیف
ئەرشیف

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزمبوونەوەی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی ئەو کەشتیانە دەستپێدەکات کە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، گرێبەستەکانی خاوی برێنت بە رێژەی 0.59% دابەزی و گەیشتە 107.53 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها خاوی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی 0.82% دابەزی و گەیشتە 101.10 دۆلار.

دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە رایگەیاند: "لە پێناو بەرژەوەندیی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا، ئاگاداری ئەو وڵاتانەمان کردووەتەوە، رێنوێنی کەشتییەکانیان دەکەین بۆ دەرچوونێکی سەلامەت لەو رێڕەوە ئاوییە سنووردارانە، تاوەکو بتوانن بە ئازادی و کارایی بەردەوام بن لە کارەکانیان." ترەمپ ئەم هەنگاوەی وەک هەنگاوێکی مرۆیی ناوبرد، بۆ هاوکاریکردنی وڵاتە بێلایەنەکان لەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەڕێوەی دەبەن.

شرۆڤەکارەکانی بانکی (ANZ) ئاماژە بەوە دەکەن، گفتوگۆکانی ئاشتی پەککەوتوون، چونکە لایەنەکان ئامادە نین لە هێڵە سوورەکانیان پاشەکشە بکەن. لە کاتێکدا ترەمپ کار بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات، ئێران پێشنیازی دواخستنی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان دەکات بۆ دوای کۆتاییهاتنی جەنگ و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر هاتوچۆی دەریایی لە کەنداو.

لەلایەکی دیکەوە، حەوت وڵاتی ناو هاوپەیمانی "ئۆپێك پڵەس" بڕیاریانداوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی حوزەیران بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکەن، کە ئەمە سێیەم زیادبوونی یەک لە دوای یەکە.

نرخی زێڕیش بە رێژەیەکی کەم دابەزی، هۆکارەکەی بۆ مەترسییەکانی هەڵاوسان و ناڕوونیی ئاسۆی سیاسی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. نرخی زێڕ لە مامەڵەکاندا بە رێژەی 0.3% دابەزی و گەیشتە 4599.45 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.

بەرزمانەوەی نرخی نەوت وایکردووە بانکە ناوەندییەکان سوور بن لەسەر هێشتنەوەی بەرزیی رێژەی سوود، ئەمەش پەستان دەخاتە سەر زێڕ و وەبەرهێنەران بەرەو کڕینی سەنەدات دەبات.

نرخی کانزاکانی دیکە:

زیو: 0.1% بەرزبووەوە (75.38 دۆلار).
پلاتین: 0.2% بەرزبووەوە (1991.85 دۆلار).
پالادیۆم: 0.3% دابەزی (1519.66 دۆلار).