دانا تەقیەدین: بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە لاهور شێخ جەنگی دادگایی بکرێت
ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە یەکەم دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند: بڕیارە رۆژی 7ـی 5ـی 2026، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی لە دادگای تاوانەکانی دوو لە سلێمانی بەڕێوەبچێت.
گوتیشی: ئەم دادگاییە دوای ئەوە دێت کە وردبینی لە دۆسیەی (56)دا تەواو بووە و دۆسیەکە گەیشتووەتە دادگا و هاوکات دادگایی 12 کەسی دیکەش لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسهوانی لاهور شێخ جهنگی و 11 دهستگیركراوی دیكهی لالهزار ئازاد کران.
ئەمە لە کاتێکدابوو، رۆژی پێنجشەممە (09ـی نیسانی 2026)، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو.
پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.