سەرچاوەیەک: داهاتی نانەوتی ئامادەیە و چاوەڕێی بەغداین
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، داهاتی نانەوتی ئامادەیە و نووسراویشمان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و چاوەڕێی ئەوانین، هەرکاتێک وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ رەزامەندی نیشانبدات، ئەوا لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا داهاتەکە دەخەینە سەر هەژماری بانکی وەزارتی دارایی فیدڕاڵ.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مانگەش 120 ملیار دینار نانێرین چونکە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران کێشەی داهاتی نانەوتی هەبوو و هەردوو حکوومەتیش لەسەر ئەم بابەتە لێکتێگەیشتنیان هەیە.
گوتیشی: داهاتی نانەوتی ئەم مانگە زیاتر لە 50 ملیار دینارە و ئامادەیە.
پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندبوو، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادەیە و لەگەڵ گەیشتنی پارە و وەرگرتنی لە هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێر، لیستی مووچە رادەگەیەندرێت. روونیشی کردەوە، دابەشکردنی مووچە دەست پێ دەکات و لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژیشدا پرۆسەکە کۆتایی دێت.