ئامەدسپۆر دەیەوێت ماورۆ ئیكاردی بگوازێتەوە

ئیكاردی یەك مەرجی بۆ مانەوە لە خولی توركیا هەیە

ماورۆ ئیكاردی، هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی گەڵاتەسەرای توركیا
ماورۆ ئیكاردی، هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی گەڵاتەسەرای توركیا

ئامەدسپۆر، دوای ئەوەی بۆ خولی سووپەرلیگی توركیا سەركەوت، دەیەوێت ماورۆ ئیکاردی ئەستێرەی بەناوبانگی ئەرجەنتینی لە گاڵاتەسەرای بگوازێتەوە ریزەکانی.
میدیای تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، یانەی ئامەدسپۆر دوای سەرکەوتنی بۆ سووپەرلیگ دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان گرێبەست لەگەڵ ماورۆ ئیکاردی هێرشبەری ئەرجەنتینی بکات، کە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ گاڵاتەسەرای کۆتایی دێت و دەبێتە یاریزانێکی ئازاد.
ئامەدسپۆر دەیەوێت لە وەرزی یەکەمی لە سوپەرلیگ بە گواستنەوەی ماورۆ ئیکاردی زۆرترین سەرنج بخاتە سەر خۆی، بەڵام لەوانەیە مووچەی ئیکاردی ببێتە بەربەستێکی گەورە، بۆیە یانەکەی باکووری کوردستان بیر لەوە دەکاتەوە سپۆنسەرێک بدۆزێتەوە بتوانێت نرخی گرێبەستی ئیکاردی دابین بکات.
جگە لە ئامەدسپۆر، ریڤەرپلێتی ئەرجەنتینیش چاوی لە گواستنەوەی هێرشبەرە 33 ساڵانەکەیە، بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی تورکیا ئەگەر ئیکاردی ئۆفەرێکی بە مووچەی ساڵانەی 10 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بکرێت لە تورکیا دەمێنێتەوە، ئەگینا دەگەڕێتەوە ئەرجەنتین و ریڤەرپلێتیش نزیکترین بژاردەیە.
هێرشبەرەکەی پێشووی ئینتەر میلان و پاریس سانجێرمان و سامپدۆریا لەگەڵ گاڵاتەسەرای لە 132 یاری 77 گۆڵ و 24 ئەسیستی کردووە و سێ نازناوی سووپەرلیگی تورکیا و جامێکی تورکیا و جامێکی سوپەری تورکیای بەدەستهێناوە.