بازرگانانی سووریا بۆ کوردستان24: بازاڕەکانی دیمەشق بەهۆی دابەزینی لیرەوە چۆڵ بوون
بەهای لیرەی سووری بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینێکی بێپێشینەی تۆمار کرد و ئەمەش بازاڕەکانی دیمەشقی تووشی سستییەکی گەورە کردووە و هاووڵاتییان باجە قورسەکەی دەدەن.
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و داڕمانی لیرە، رەوشی کڕین و فرۆشتن لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بەرەو وەستان چووە. پێشبینی دەکرێت رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە وڵاتەکەدا بگاتە 800٪.
بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەهای دۆلار بەرانبەر لیرەی سووری هۆکار بووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان توانای کڕینیان نەمێنێت و بازرگانانیش لە فرۆشتنی کاڵاکانیان زیانمەند ببن. ناسەقامگیری و گۆڕانی رۆژانەی نرخەکان لە بازاڕدا دۆخێکی چەقبەستووی دروست کردووە.
باسم راعی، بازرگانێکی بازاڕی دیمەشقە، ئاماژەی بەوە کرد، "بەرزبوونەوەی دۆلار جووڵەی بازاڕی زۆر لاواز کردووە، پێشتر کڕین و فرۆشتن زۆر باشتر بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی رۆژانەی نرخەکانەوە خەڵک توانای کڕینی نەماوە. هیوادارین نرخەکان دابەزن بۆ ئەوەی بازاڕ بگەڕێتەوە دۆخی جاران."
لای خۆیەوە خالید قوتلی بازرگانێکی دیکەی بازاڕەکەیە و گوتی، "دۆخەکە کاریگەری قووڵی لەسەر کڕین و فرۆشتن داناوە، نە خەڵک دەتوانێت بکڕێت و نە ئێمەش دەتوانین بفرۆشین، لەبەر ئەوەی نرخەکان جێگیر نین. وەک بازرگان هیوادارین بەهای دۆلار جێگیر بێت بۆ ئەوەی جووڵە بکەوێتەوە بازاڕەکانمان."
خێرایی گۆڕانکارییەکان لە بازاڕی دراودا بە جۆرێکە لە یەک رۆژدا چەندین جار نرخەکان دەگۆڕێن. موفید عەیاش فرۆشیارێکی دیکەیە، لەم بارەیەوە روونی کردەوە، "ناسەقامگیری نرخەکان کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەکات نەک تەنیا لێرە، بەڵام لێرە نرخەکان بە شێوەیەکی خێرا باز دەدەن، بۆ نموونە لە 11 و نیوەوە دەبێتە 12 و تەنانەت دەگاتە 13 و نیویش."
شارەزایان و چاودێرانی ئابووری هۆشداری دەدەن و دەڵێن، بەردەوامی ئەم داڕمانەی لیرەی سووری بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی، ئابووری وڵاتەکەی خستووەتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە. بەهۆی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە نێوان نرخی کاڵاکان و مووچەی هاووڵاتییاندا دروست بووە، هاووڵاتییانی سووریا قورسترین باجی ئەم قەیرانە ئابوورییە دەدەن و ژیانی رۆژانەیان بە سەختی تێدەپەڕێت.