عێراق یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی بەرهەمی شیرەمەنی تورکیا
لە ساڵی 2025دا عێراق وەک یەکێک لە پێنج گەورەترین هاوردەکارانی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تورکیا دادەنرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی گەشەکردنی هەناردەی شیر و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە.
کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی شیر و شیرەمەنییە پێچراوەکان لە تورکیا (ASUD) بڵاویکردەوە، عێراق لەگەڵ جەزائیر، سعوودیە، قوبرسی باکوور و ئیمارات، پێنج گەورەترین هاوردەکاری شیرەمەنی تورکیان، کە 40.7%ـی کۆی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بۆ ئەم پێنج وڵاتەیە.
بەهای هەناردەی شیرەمەنی تورکیا لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 523.3 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2024دا نزیکەی 489.5 ملیۆن دۆلار بووە، کە ئەمەش نیشانەی گەشەیەکی ساڵانەیە بە رێژەی 6.9%. لە نێو بەرهەمە هەناردەکراوەکانیشدا، پەنیر لە پلەی یەکەمدا دێت و بەهای هەناردەکردنی گەیشتووەتە 236 ملیۆن دۆلار، پاش ئەویش بەرهەمەکانی وەک ئاوی پەنیر و شیری وشک و ئایسکرێم دێن.
ئەم ئامارانە رەنگدانەوەی بەردەوامی پشتبەستنی بازاڕی عێراقە بە بەرهەمە خۆراکییەکانی تورکیا، بەتایبەت لە کەرتی شیرەمەنییەکاندا، لە ئێستا تورکیا بەرهەمە شیرەمەنییەکانی بۆ نزیکەی 100 وڵاتی جیهان هەناردە دەکات و هەوڵەکانیشی چڕ کردووەتەوە بۆ چوونە ناو بازاڕە نوێیەکانی ئاسیا و ئەمریکا.
عێراق لە ساڵی 2023دا گەورەترین و یەکەمین بازاڕی هاوردەکاری شیرەمەنی تورکیا بووە.