ترەمپ ستراتیژییەکی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر واژۆ کرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ستراتیژییەکی نیشتمانی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر واژۆ کرد، تیایدا جەخت لەسەر لەناوبردنی هەڕەشەکان لە نیوەگۆی رۆژئاوای زەوی و پەکخستنی چالاکییەکانی کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر دەکاتەوە.

پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، سێباستیان گۆرکا، راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بەڵگەنامەکەی واژۆ کردووە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپەی کە دەڵێت "ئەمریکا نیشتمانی ئێمەیە و دەبێت بپارێزرێت".

بەگوێرەی گوتەکانی گۆرکا، ستراتیژییە نوێیەکە لە پێشینەی کارەکانیدا بێلایەنکردن و لەناوبردنی هەڕەشە تیرۆریستییەکان لە نیوەگۆی رۆژئاوای زەوی داناوە، ئەمەش لە رێگەی پەکخستنی کارەکانی کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر دەبێت تاوەکوو ئەو ئاستەی نەتوانن ماددەی هۆشبەر، قاچاخی مرۆڤ و قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بخەنە ناو خاکی ئەمریکاوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ستراتیژییەکە تەنها لایەنی دەرەکی ناگرێتەوە، بەڵکو جەخت لەسەر ناوخۆی ئەمریکاش دەکاتەوە بۆ دەستنیشانکردن و تێکشکاندنی ئەو "گرووپە سیاسییە توندوتیژانەی کە خاوەنی ئایدیۆلۆژیای دژە ئەمریکا یان پشێویخوازن (ئەنارکیست)"، گۆرکا ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵاتداران سەرجەم ئامرازە دەستوورییە بەردەستەکان بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی ئەم گرووپانە، ناسینەوەی ئەندامەکانیان و بەدواداچوون بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان، تاوەکو پێش ئەنجامدانی هەر کارێکی توندوتیژی پەکبخرێن.

راوێژکارەکەی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، بڕیارە بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی بەهێزکردنی هەوڵەکان دژی هەڕەشە تیرۆریستییەکان، بەتایبەتی ئەو هەڕەشانەی پەیوەندییان بە ئێران و گەرووی هورمزەوە هەیە.

لە کۆتاییدا گۆرکا جەختی کردەوە، پلانە نوێیەکە گرووپە راستڕەوە توندڕەوەکانیش دەگرێتەوە کە هانی توندوتیژی دەدەن، هاوکات بەردەوام دەبن لە فشار خستنە سەر بزووتنەوە توندڕەوە جیهانییەکان وەک رێکخراوی قاعیدە بە مەبەستی تێکشکاندنیان.