گوهدار شێخۆ: نزیکەی 3 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی باتیفا تەرخانکراوە

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە قەزای باتیفا بەردەوامن و نزیکەی 3 ملیار دینار بۆ پڕۆژە جۆراوجۆرەکان تەرخانکراوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە کارکردن لە نەخۆشخانەی قەزاکە گەیشتووەتە قۆناغێکی باش و لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەکرێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026 گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە چوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ قەزای باتیفا و کۆبوونەوە لەگەڵ فەرمانگە حکوومییەکان رایگەیاند: "پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمان لە سنووری قەزای باتیفا بەردەوامن. خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا نزیکەی 3 ملیار دینار بۆ پڕۆژە جۆراوجۆرەکان لە سنووری ئەم قەزایە تەرخانکراوە و زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواو بوون."

کەرتی تەندروستی و ژینگە

یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە، نەخۆشخانەی باتیفایە کە پێشتر کارەکانی راگیرابوون. لەمبارەیەوە گوهدار شێخۆ گوتی: "ئەمڕۆ سەردانی پڕۆژەی نەخۆشخانەی باتیفامان کرد بۆ ئەوەی بزانین گەیشتووەتە چ قۆناخێک. بەڵێنمان بە بەڵێندەرەکە داوە هاوکاری زیاتری بکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەواو بێت. بەپێی پلانەکانمان، لە ساڵوەگێری دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە 21ی ئەیلوول دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەت خەڵکی ناوچەکە."

سەبارەت بە پاراستنی ژینگە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ، جەخت لە پاراستنی ژینگەی ناوچەکە و رێگریکردن لە زێدەڕۆییەکان کراوەتەوە، چونکە باتیفا یەکێکە لە ناوچە هەرە جوانەکانی کوردستان بۆ گەشتوگوزار.

چاککردنەوەی رێگەوبانەکان

بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵ کە لە سنووری باتیفا گەیشتووەتە نزیکەی 1200 بۆ 1300 ملم، زیان بە هەندێک لە رێگەوبانەکانی گوندەکان گەیشتووە. گوهدار شێخۆ روونیکردەوە: "لیژنەیەکمان پێکهێناوە و دەستبەکار بوون بۆ چاککردنەوەی ئەو رێگایانەی بەهۆی باران و بەفرەوە تێکچووبوون. بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە 20 رۆژدا تەواوی ئەو رێگایانە چاک بکرێنەوە."

ماستەرپلان و پڕۆژەی نوێ

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ مژدەی پەسەندکردنی ماستەرپلانی قەزای باتیفای راگەیاند و گوتی: "ماستەرپلانی باتیفا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر بایەخ بەم ناوچەیە بدەین. هەروەها پڕۆژەی تیشکی خۆر (سۆلار) بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە گرنگەکانمان."

لە کۆتاییدا گوهدار شێخۆ جەختی کردەوە کە حکومەت پشتگیری گەنجانی ناوچەکە دەکات بۆ رەخساندنی هەلی کار، بەتایبەت لە کەرتی گەشتوگوزار و رێستورانتەکاندا، تاوەکو گەنجانی باتیفا ببنە خاوەنکاری خۆیان و خزمەتی ناوچەکەیان بکەن.