ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە: جەنگی ئێران تا ساڵی 2030 هەڕەشە لە دابینکردنی گاز دەکات
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) رایگەیاند، جەنگی ئێران دەستی کردووە بە گۆڕینی پێشبینییەکانی بازاڕی گاز بۆ ماوەی مامناوەند، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2030، جیهان نزیکەی 120 ملیار مەتر سێجا لە دابینکردنی گازی سروشتی شلکراو (LNG) لەدەست بدات.
پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، جێرگێلی مولنار، شیکەرەوەی کاروباری گاز لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، لە میانی بەشداریی لە "لووتکەی گازی سروشتی شلکراوی بوداپێست" ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێران، ئەگەری هەیە کەمیی دابینکردنی گاز لە بازاڕەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوەی پێشتر مەزەندە دەکرا، بەردەوام بێت.
ئەو بەرپرسەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئەوەشی خستە روو، پشێوییەکانی ئێستا بە کردەیی کاریگەرییان لەسەر ئاسۆکانی بازاڕی جیهانیی گاز دروست کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە فشارەکان لەسەر زنجیرەکانی دابینکردن بەردەوامن و گەشەی توانای بەرهەمهێنانی وزەش رووی لە خاوبوونەوە کردووە.
ئەم لێدوانانەی بیرۆل لە کاتێکدایە گەرووی هورمز، وەک شا دەماری گواستنەوەی نەوت و غازی جیهان، گرژییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە. ئەم ناسەقامگیرییەش دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردووە و کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە لە سەرانسەری جیهاندا دروست کردووە.