یاریزانانی دهۆك بایكۆتی راهێنانەكانیان كردەوە

یاریزانانی دهۆك 70 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە

ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی دهۆك بۆ كوردستان24 دەدوێت
ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی دهۆك بۆ كوردستان24 دەدوێت

یاریزانان و ستافی راهێنەرانی یانەی دهۆك 70 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و بایكۆتی راهێنانەكانیان كردووە، ئەحمەد خەلەف راهێنەری یانەكەش بە كوردستان24ـی راگەیاند هەوڵی داوە یاریزانەكان رازی بكات بگەڕێنەوە راهێنانەكان بەڵام ئەوان بەبێ وەرگرتنی شایستە داراییەكانیان ئامادەنین بگەڕێنەوە مەشقەكان.
یانەی دهۆك لە دوای سەركەوتنەكەی گەڕی رابردوویان بەرامبەر نەفتی میسان، بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیان نەگەڕاونەتەوە راهێنانەكان.
ئەحمەد خەلەف، راهێنەری یانەی دهۆك لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند تووشی سەرسوڕمان بووە كاتێك هاتووەتە یاریگە و هیچ یاریزانێك بۆ راهێنانەكان نەهاتووە.
ئەحمەد خەلەف گوتیشی: دهۆك شارێكی جوانە و یانەیەكی ناوداری عێراقە و خاوەنی هاندەرێكی زۆرە، هەڵگڕی نازناوی چامپیۆنزلیگی كەنداوە، ناكرێت تووشی دۆخێكی لەمجۆرە بێت.
راهێنەری یانەی دهۆك داوای لە پارێزگاری دهۆك كرد بەڵێنەكەی جێبەجێ بكات و بەردەوام بێت لە پشتگیریكردنی یانەی شارەكەی و بە زووترین كات كێشەی مووچەی یاریزانەكان چارەسەر بكات.
یانەی دهۆك لە خولی ئەستێرەكانی عێراق  ئەم وەرزە بە دۆخێكی تاڕادەیەك ناجێگیر تێپەڕ دەبێت و دوو راهێنەری گۆڕیوە و لە كۆی 33 یاری، 12 بردنەوە، 9 یەكسان و 12 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 45 خاڵ لە ریزبەندی دەیەمی خولەكە دێت، رۆژی یەكشەممەی داهاتووش لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی قاسم دەكات.