کتێبی شیعری "کۆترێک لەمندا دەخوێنێ" بڵاوکرایەوە

هێمن رەفیق، شاعیر و توێژەر، نوێترین کتێبە شیعری بەناوی "کۆترێک لەمندا دەخوێنێ" بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026، هێمن رەفیق، شاعیر و توێژەر، لە ماڵی وەفایی کۆڕێکی بۆ ناساندنی بەرهەمە نوێیەکە ساز کرد و بە کوردستان24ی گوت، "ئەمە هەشتەمین کتێبە شیعرە بڵاوی دەکەمەوە، تیراژەکەی هەزار دانەیە و لە دوتوێی 100 لاپەڕە دایە". 

گوتیشی "کتێبەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک شیعری دڵداری و نیشتیمانی، لە شیعری ئازاد و بڕگەدار پێکهاتووە. جگە لەوە من کتێبەکانی دیکەشم لەبواری ئەدەبی و فکری و کۆمەڵایەتی و دەروونییە، چونکە خۆم پسپۆڕی بواری دەروونی و کۆمەڵایەتیم."

هێمن رەفیق گوتیشی، "شیعر وەکو ژانرێکی ئەدەبی بەها و بایەخێکی تایبەتی هەیە، لە ژیانی مندا هەموو ئەو رووداوگەلانەی هەن من بە شیعر گوزارشتم لێیکردووە، چ ئەوانە لە ژیانی خۆم یان دەورووبەرەکەم روویداوە، بوونەتە هەوێنی کۆمەڵێک شیعری زۆر جوان کە من بەیانم کردووە لەنێو دەقە شیعرییەکانم دا، لە شیعرەکانی مندا ئافرەت رەنگدانەوەی زۆر گەورەی هەبووە و بەچاوی زۆر پیرۆز سەیر کراوە، جگە لەوە نیشتیمان وەکو دایکی دووەم زۆر پیرۆزە لەلای من لە شیعرەکانم دا بە گەورەیی رەنگیداوەتەوە."

هێمن رەفیق، شاعیر و توێژەر، لە ساڵی 2008ەوە دەنووسێت و یەکەم بەرهەمی بەناوی "سپێدەکانی گوڵ" بوو. خاوەنی هەشت کتێبی چاپکراوە و زۆربەی شیعرەکانی دڵداریی و نیشتیمانییە.