کشتوکاڵی هەولێر: نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دابەزیون

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین و پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکان حکوومەتی هەرێم لە پێناو ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتگیریکردنی جووتیاران قەدەغەی هاوردەکردنی چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی دەکات.  

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەگشتیی هەرزان بوونە، چونکە بەرەو پێگەیشتنی بەرهەمەکان دەچین.

هێمن سەید موراد گوتیشی: لەگەڵ شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران تەنیا چەند بەرهەمێکی کەم نرخیان گرانبوو، بەڵام ئێستا نرخەکان جێگیرن.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لەو بەرهەمانەی نرخی گرانبوو تەماتە بوو، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەبوو وەرزی پێگەیشتنی نەبوو و لە دەرەوەی کوردستان هاوردە دەکرا، تەنانەت لە هەرسێ وڵاتی دراوسێ نرخەکەی گرانبوو، ئێستا نرخەکەی هەرزانبووە و جێگیرە.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، نزیکین لە رۆژمێری کشتوکاڵی و ژمارەیەک بەرهەم هاوردەکردنیان قەدەغە دەکرێت ئەمەش لە پێناو ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی ناوخۆ و هەروەها کۆنترۆڵکردنیان، چونکە بەرهەمی دەرەکی کۆنترۆڵکردنی زەحمەتترە بەراورد بە ناوخۆ.

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین و پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکان حکوومەتی هەرێم لە پێناو ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتگیریکردنی جوتیاران قەدەغەی هاوردەکردنی چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی دەکات.