ناوبژیوانانی عێراق بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد

دەستپێكی یاریی نێوان جەوییە و موسڵ لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق
دەستپێكی یاریی نێوان جەوییە و موسڵ لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق

ناوبژیوانانی خولی ئەستێرەکانی عێراق 23 گەڕە هیچ پارەیەكیان وەرنەگرتووە و بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، لە بەغدا بەشێک لە ناوبژیوانانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهۆی دواکەوتنی کرێی بەڕێوەبردنی یارییەکان، لە بەغدا لە بەردەم بارەگای لالیگا خۆپیشاندانیان کرد کە 23 گەڕە بەبێ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان لەم وەرزە یارییەکان بەڕێوە دەبن.
ناوبژیوانانی عێراق لە بەیاننامەیەکیان کە لەبەردەم بارەگای لالیگا لە بەغدا خوێندیانەوە، دووپاتیان کردەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نزیکەی دوو ملیار دینار قەرزاری ناوبژیوانانە و لەم وەرزەش 23 گەڕە هیچ پارەیەکی ناوبژیوانانیان نەداوە.
ناوبژیوانان لە بەیاننامەکەیاندا دووپاتیان کردەوە تاوەکو رۆژی هەڵبژاردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەسەر خۆپیشاندانەکانیان بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان بەردەوام دەبن، کە رۆژی 23ـی ئەم مانگە دەکرێت.