ئیکۆ عێراق: هیچ ترووسکاییەک نییە عێراق لە وڵاتێکی بەکارهێنەرەوە بگۆڕدرێت بۆ وڵاتێکی بەرهەمهێنەر
روانگەی "ئیکۆ عێراق" رایگەیاند، زیاتر لە 70%ی تەوەرەکانی بەرنامەی ئابووریی حکوومەتی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، لەسەر بنەمای بیرۆکە و ناوەڕۆکی "پرۆژەی کاخەزی سپی" داڕژراونەتەوە کە لە ساڵی 2020 پێشکەش کرابوو. روانگەکە ئاماژە بەوەش دەکات، بەرنامەکە دیدگەیەکی روونی تێدا نییە بۆ گۆڕینی عێراق لە دەوڵەتێکی بەکارهێنەرەوە بۆ ئابوورییەکی بەرهەمهێن.
رۆژی هەینی 8ی ئایاری 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەندین بڕگەی کارنامەی ئابووریی حکوومەت بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە ناوەڕۆکی "پرۆژەی کاخەزی سپی" وەرگیراون، کە لە سەردەمی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ چاکسازیی ئابووری خرابووە روو.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لێکچوونەکان تەنیا لە ناونیشانە گشتییەکاندا نین، بەڵکو زاراوە و تەوەرە هاوشێوەکانی وەک: "گۆڕانکاری دیجیتاڵی، واژۆی ئەلیکترۆنی، پاڵپشتی کەرتی تایبەت، چاکسازی لە کەرتی بانک و تۆڕە زیرەکەکان"یش دەگرێتەوە.
روانگەکە دەشڵێت، کارنامەی حکوومەت میکانیزمێکی روونی بۆ چارەسەرکردنی بەهای ئابووری یان کەمکردنەوەی ژمارەی زیادەی فەرمانبەران پێشکەش نەکردووە، کە بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر بودجەی گشتی. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بەرنامەکە بە وردی باسی لە ئامرازەکانی چارەسەری کورتهێنانی دارایی و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی شۆکەکانی پەیوەست بە گۆڕانکاریی نرخی نەوت و دابەزینی هەناردەکردن نەکردووە.