رێکخراوی فاو: جەنگی ئێران نرخی خۆراکی بەرز کردووەتەوە

رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) رایگەیاند، نرخی جیهانیی خۆراک لە مانگی نیساندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی رۆنە رووەکییەکان بەتایبەت لە دوای جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز.

هەینی 8ـی ئایاری 2026، ماکسیمۆ تۆرێرۆ، گەورە ئابووریناسی رێکخراوی فاو، ئاماژەی بەوە کرد، بەرزبوونەوەی نرخی رۆنە رووەکییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی وزەوە بووە، ئەمەش وایکردووە خواست لەسەر سووتەمەنی زیاد بکات، جەختی لەوەش کردووەتەوە، تێکڕای پێنوێنی نرخی خۆراک لە مانگی نیساندا گەیشتووەتە 130.7 خاڵ، کە بە رێژەی 1.6% لە چاو مانگی ئادار زیادی کردووە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای شوباتی 2023ـەوە.

بە گوێرەی داتاکان، پێنوێنی نرخی رۆنە رووەکییەکان لە مانگی نیساندا بە رێژەی 5.9% زیادی کردووە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای تەمموزی 2022ـەوە تۆمار کرابێت، هەروەها نرخی گۆشت بە رێژەی 1.2٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.

لە بەرانبەردا، نرخی دانەوێڵە لە نیساندا تەنها 0.8% زیادی کردووە، رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێشبینی دەکرێت رووبەری چاندنی گەنم لە ساڵی 2026ـدا کەم بکات، چونکە جووتیاران روو لەو بەرهەمانە دەکەن کە پێویستیان بە پەینی کەمترە بەهۆی گرانیی نرخەکەیەوە، هەرچی نرخی شەکرە، بە رێژەی 4.7% دابەزیوە بەهۆی زۆریی بەرهەم لە بەرازیل و چین و تایلەندا.

لە راپۆرتێکی جیاوازدا، رێکخراوی فاو پێشبینییەکانی بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە جیهاندا بۆ ساڵی 2025 بەرزکردەوە بۆ 3.040 ملیار تۆن کە بە رێژەی 6% لە ئاستەکانی ساڵی رابردوو بەرزترە.