پزیشکێک: ڤایرۆسی 'هانتا' دەبێتە هۆی سستی گورچیلە و ئاوسانی سییەکان
پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی هانتا و رایدەگەیەنێت، کە سەرەڕای دەگمەنیی نەخۆشییەکە، بەڵام دەبێتە هۆی لێکەوتەی تەندروستیی مەترسیدار و نیشانەکانیشی زۆرجار لەگەڵ ئەنفلۆنزا تێکەڵ دەکرێن.
هەینی، 8ـی ئایاری 2026، دکتۆر ڤلادیمێر نیرۆنۆڤ، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان، بە پێگەی هەواڵی (RT) راگەیاند: زۆر جار نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لەگەڵ نیشانەکانی هەوکردنە ڤایرۆسییەکانی دیکە تێکەڵ دەکرێن و بە هەڵە دەستنیشان دەکرێن.
بە گوتەی ئەو پزیشکە، سەرەڕای ئەوەی ڤایرۆسی هانتا نەخۆشییەکی دەگمەنە، بەڵام زۆر مەترسیدارە و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزی و لێکەوتەی تەندروستیی قورس. ئەم هەوکردنە لە بنەڕەتدا نەخۆشییەکی ئاژەڵییە و لە رێگەی گیانلەبەرە قرتێنەرە کێوییەکانەوە وەک؛ (مشک، جرج و سمۆرە) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بە پێی جۆری ڤایرۆسەکە، نەخۆشییەکە دەشێت زیان بە گورچیلەکان بگەیەنێت و ببێتە هۆی تایەکی خوێنبەربوون لەگەڵ کۆنیشانەی گورچیلەیی، یاخود هێرش بکاتە سەر سییەکان و کۆنیشانەی هانتای سییەکان دروست بکات. دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا قورسە، چونکە نیشانەکانی زۆر لە نیشانەکانی هەوکردنێکی سەختی ڤایرۆسی یان ئەنفلۆنزا دەچن.
دکتۆر نیرۆنۆڤ دەڵێت: "بە شێوەیەکی گشتی نەخۆشییەکە بە بەرزبوونەوەیەکی خێرای پلەی گەرمی لەش، سەرئێشەی تووند و ئازاری ماسولکەکان بە تایبەتی لە ناوچەی پشت و رانەکاندا دەست پێدەکات. هاوکات ئەگەری هەیە نەخۆشەکە تووشی دڵتێکەڵهاتن، ئازاری سک، رشانەوە و سکچوون ببێت کە زۆرجار بۆ چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت. لە حاڵەتە سەختەکاندا، لێکەوتەی مەترسیداری وەک سستی گورچیلە یان سستی کۆئەندامی هەناسەدان بەهۆی ئاوسانی سییەکانەوە روودەدەن".
ئەم پزیشکە ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم نیشانانەدا بکەن، بە تایبەتی ئەگەر کەسەکە پێشتر لەو شوێنانە بووبێت کە پێدەچێت گیانلەبەرە قرتێنەرەکانی لێ بێت؛ وەک خانووە کۆنەکانی هاوینەهەوارەکان، کۆگاکانی دانەوێڵە و باڵەخانە چۆڵکراوەکان.
دەشڵێت: نیشانە مەترسیدارەکان کە پێویستیان بە خەواندنی دەستبەجێ هەیە لە نەخۆشخانە بریتین لە؛ تێکچوونی خێرای باری تەندروستی دوای چەند رۆژێک لە دەستپێکی نەخۆشییەکە، ئازاری خوارەوەی پشت، دەرکەوتنی پەڵەی خوێنبەربوونی ورد لەسەر پێست، تەنگەنەفەسی و دەرکەوتنی بەڵغەمی خوێناوی.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کە ماوەی کڕکەوتنی (حضانة) ڤایرۆسەکە لە نێوان یەک بۆ هەشت هەفتەدایە، بەڵام زۆرجار نیشانەکان دوای 2 بۆ 4 هەفتە لە تووشبوونەکە دەردەکەون.
پزیشکەکە ئاماژەی بەوە کرد، رێژەی گیانلەدەستدان بەم نەخۆشییە پەیوەستە بە جۆری ڤایرۆسەکەوە؛ جۆرە ئەوروپییەکان بە زۆری نیشانەی سووکتر دروست دەکەن، لە کاتێکدا هەندێک جۆری ئەمریکی دەشێت زۆر کوشندە بن و رێژەی مردن تێیاندا بگاتە 30% بۆ 50% بەهۆی گەشەسەندنی خێرای ئاوسانی سییەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پزیشکەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ مەترسییەک نییە بۆ سەرهەڵدانی پەتایەکی جیهانی.
روونیشی دەکاتەوە: "ڤایرۆسی هانتا لە رووی بنەڕەتییەوە جیاوازە لە هەوکردنەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، رێگەی سەرەکیی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە لە گیانلەبەرە قرتێنەرەکانەوە بۆ مرۆڤە، ئەویش لە رێگەی هەڵمژینی ئەو دڵۆپانەی هەواوەیە کە تەنۆلکەی پاشەڕۆی ئەو ئاژەڵانەیان تێدایە، بەڵام گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ لە زۆربەی جۆرە ناسراوەکانیدا حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە".
بە پێی زانیارییەکانی دکتۆر ڤلادیمێر نیرۆنۆڤ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە، بە زۆری پەیوەندی بە زیادبوونی ژمارەی گیانلەبەرە قرتێنەرەکان و بارودۆخی ژیان لە ناوچە گوندنشینەکانەوە هەیە. تا ئێستا هیچ پێکوتەیەکی (ڤاکسین) گشتگیر دژی ڤایرۆسەکانی هانتا بوونی نییە. هەرچەندە هەندێک وڵات دەرمانی تایبەت دژی هەندێک جۆری ڤایرۆسەکە بەکار دەهێنن، بەڵام ئەمانە ناتوانن پارێزگارییەکی تەواوەتی دژی سەرجەم جۆرەکانی ڤایرۆسەکە دابین بکەن.
ئەوەشی خستە روو؛ باشترین رێکاری خۆپارێزی بریتییە لە؛ پاراستنی باڵەخانەکان لە دزەکردنی قرتێنەرەکان، هەڵگرتنی خۆراک لەناو قوتوی داخراودا و پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی جێگەی گومانن بە بەکارهێنانی ئاو و پارچەپەڕۆی شێدار لەگەڵ بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێش.
ئەم پزیشکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڤایرۆسی هانتا هێشتا نەخۆشییەکی دەگمەنە بۆ زۆربەی دانیشتووانی ناوچە مامناوەندەکان، بەڵام لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانە تایبەتەکانی دوای بەرکەوتن بە ژینگەیەکی پیسبوو، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکرێت.