ئەمریکا سزای نوێ دەسەپێنێتە سەر تۆڕێکی دابینکردنی درۆن بۆ ئێران
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سەپاندنی زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر 10 کەس و کۆمپانیادا راگەیاند کە بنکەکانیان لە چین و هۆنگ کۆنگە. ئەم لایەنانە تۆمەتبارن بە هاوکاریکردنی سوپای ئێران لە دابینکردنی چەک و ئەو کەرەستە خاوانەی لە دروستکردنی درۆنی جۆری "شاهد"دا بەکاردەهێنرێن.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە جەختی کردەوە، ئامادەیە رێکاری ئابووریی دژ بە بنکە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران بگرێتە بەر بۆ رێگری لە بنیادنانەوەی تواناکانی تاران. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سزاکان هەر کۆمپانیایەکی بیانی دەگرێتەوە کە پشتیوانی بازرگانی نایاسایی ئێران بکەن، لەوانەش هێڵە ئاسمانییەکان و ئەو دامەزراوە داراییە چینییانەی پەیوەندییان بە پاڵاوگە ئەهلییەکانی نەوتەوە هەیە.
لەم بارەیەوە، سکۆت بیسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند: "لەژێر سەرکردایەتی بڕیاردەرانەی سەرۆک ترەمپ، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا و بە ئامانجگرتنی ئەو لایەنانەی چەک بۆ سوپای ئێران دابین دەکەن."
برێت ئیریکسۆن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای "ئۆبسیدیان ریسک ئەدڤایزەرز" دەڵێت: "ئامانجی سزاکان کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی ئێرانە بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە 28ـی شوباتدا و لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تاران گەرووی هورمزی داخست، بەهۆیەوە جووڵەی کەشتیوانی پەکیکەوت و نرخی وزە لە جیهاندا بەرزبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوەندیی حوکمی بەریتانی بۆ چاودێری زانیارییەکان، ئێران یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی درۆن و توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 10 هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە مانگێکدا هەیە.
سەرەڕای سزاکان، ئیریکسۆن ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەنگاوانە هێشتا سنووردارن و دەرفەت دەدەنە ئێران بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوە. هەروەها رەخنەی لەوە گرت، وەزارەتی خەزێنە هێشتا ڕێکاری توندی دژ بەو بانکە چینییانە نەگرتووەتە بەر ئابووریی ئێران بە زیندوویی رادەگرن.