بۆچی مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا و بەبێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بژی؟
لێکۆڵینەوەیەکی زانستی: مەترسییەکانی گۆشەگیری هاوتایە لەگەڵ مەترسییەکانی جگەرەکێشاندا
زۆرجار کشانەوە لە خەڵک و گۆشەگیری وەک بژاردەیەکی ئارامبەخش دەردەکەوێت، بەڵام توێژینەوە زانستییەکان ئاشکرای دەکەن، کە نەبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستی هێندەی کێشانی جگەرەیە و لە قەڵەوی مەترسیدارترە.
بە پێی پێداچوونەوەیەکی زانستیی گشتگیر کە لە ساڵی 2010ـدا لە لایەن گۆڤاری پزیشکیی «PLOS Medicine»ـەوە بڵاو کراوەتەوە و لە لایەن توێژەر "جۆلین هۆڵت لۆنستاد" و هاوکارەکانی لە زانکۆی "بریگهام یۆنگ"ەوە ئەنجامدراوە، دوای شیکردنەوەی داتای 308,849 کەس لە ناو 148 توێژینەوەی سەربەخۆدا، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی خاوەنی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزن، ئەگەری مانەوەیان لە ژیان بە ڕێژەی 50% زیاترە بەراورد بەو کەسانەی لە گۆشەگیریدا دەژین.
توێژەران گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی، کە گۆشەگیری و نەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، هێندەی جگەرەکێشان مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ هەیە؛ تەنانەت کاریگەرییەکانی لە قەڵەوی و تەمبەڵی مەترسیدارترن.
توێژەرەکان دەڵێن: مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەکراوە بە تەنیا بژی؛ ئەمەش تەنیا دەربڕینێکی شاعیرانە و زیادەڕۆیی نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری بایۆلۆژییە، گۆشەگیری لە مێشکەوە دەست پێدەکات و لە جەستەدا کۆتایی دێت.
ئەوەی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئاشکرای دەکات ئەوەیە، کە نەبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا لە چوارچێوەی هەست و سۆزدا نامێنێتەوە، بەڵکوو کاریگەرییە جەستەییەکانی راستەقینەن و دەکرێت پێوانە بکرێن و بە درێژایی قۆناغەکانی ژیانیش درێژەیان دەبێت.
لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، لە قۆناغی هەرزەکاریدا، گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی ئاستی هەوکردن (التهابات) لە جەستەدا بە شێوەیەک کە هاوتایە لەگەڵ کاریگەرییەکانی سستبوون و بێجووڵەیی تەواوەتیی جەستە. لە تەمەنی مامناوەند و بەرەو سەرەوەشدا، کاریگەرییەکانی گۆشەگیری لەسەر تەندروستیی دڵ و بۆرییەکانی خوێن تێدەپەڕێت لە کاریگەرییەکانی هۆکارە مەترسیدارە سەلمێندراوە پزیشکییەکان.
جیاوازیی نێوان تەنیایی ئارەزوومەندانە و گۆشەگیری
لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ هەیە کە توێژینەوەکە ئاماژەی پێ دەکات؛ دانیشتن بە تەنیا مەرج نییە بە مانای گۆشەگیری بێت. ئەوەی کە زیانی راستەقینە بە مرۆڤ دەگەیەنێت، هەستکردنە بە دابڕان لە کەسانی دیکە، نەک تەنیا بوونی جەستەیی بە تەنیا.
دەرەئەنجامەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە لاوازترین پێوەر بۆ پێشبینیکردنی مردنی پێشوەختە بریتی بووە لە "ژیان بە تەنیا لە رووی جەستەییەوە"، لە کاتێکدا بەهێزترین پێوەر بریتی بووە لە ئاستی تێکەڵاوبوونی کەسەکە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە راستەقینەکاندا.
بە واتایەکی دیکە، ئەو کەسەی لە ناو خەڵکدایە بەڵام هەست بە پەیوەندییەکی راستەقینە ناکات، زۆر زیاتر زەرەرمەند دەبێت لەو کەسەی کە بە تەنیا دەژی بەڵام خاوەنی کۆمەڵێک پەیوەندیی مانادارە.
ئەی چی دەربارەی ئەو خانمانەی دەڵێن گۆشەگیری نهێنیی گەنجێتییانە؟
ئەمە پرسیارێکە زۆر کەس دەیکەن، و توێژینەوەکانیش بە وردی وەڵامی دەدەنەوە. کاتێک ئافرەتێکی تەمەن 70 ساڵان دەڵێت: "لە خەڵک دوورکەوتمەوە و دڵخۆش بووم"، لە راستیدا ئەو وەسفی گۆشەگیرییەکی تەواوەتی ناکات، بەڵکوو باس لە هەڵبژاردنێکی هۆشیارانە دەکات.
ئەو کەسە خۆی لە پەیوەندییە بێزارکەر و ماندووکەرەکان رزگار کردووە و، تەنیا چەند پەیوەندییەکی کەمی هێشتووەتەوە کە مانایەکیان هەیە. تەنانەت ئامادەبوونی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆی جۆرێکە لە جۆرەکانی پەیوەندیی مرۆیی.
ئەوەی ئەو باسی دەکات، رزگاربوونە لە فشارە کۆمەڵایەتییەکان، نەک نەبوونی پەیوەندی بە شێوەیەکی رەها. ئەمەش رێک ئەوەیە کە توێژینەوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە: جۆرایەتیی پەیوەندییەکان لە چەندێتییان گرنگترە.
تەنانەت پەیوەندییە سادەکانیش جیاوازی دروست دەکەن
جوانترین سوپرایزی ئەم توێژینەوانە ئەوەیە کە دەڵێن: بۆ پاراستنی تەندروستیت پێویستت بە پەیوەندیی زۆر قووڵ و ئاڵۆز نییە. مامەڵە سادەکانی رۆژانە؛ وەک گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ دراوسێیەک، زەردەخەنەیەک لە ریزی چاوەڕوانیدا، یان قسەیەکی ئاسایی لەگەڵ هاوپیشەیەک، هەموویان بەشدارن لە دەستەبەرکردنی ئەو کەمترین ئاستەی پەیوەندییە مرۆییانەی کە جەستە و مێشک پێویستیان پێیەتی.
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان خۆشگوزەرانییەکی دەروونی نین، بەڵکوو پێویستییەکی بایۆلۆژین، ئەمەش ئەوەیە کە توێژینەوەکان بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر سەلماندوویانە.
ئارەزووی کشانەوە و دوورکەوتنەوە لە مرۆڤەکان کاتێک لێیان ماندوو دەبیت، هەستێکی زۆر ئاسایی و سروشتییە. بەڵام کشانەوەی تەواوەتی، باجەکەی زۆر لەوە گەورەترە کە بیری لێ دەکەیتەوە.
چارەسەرەکەش ئەوە نییە خۆت ناچار بکەیت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەک کە وزەت لێ دەبڕێت، بەڵکوو دۆزینەوەی پەیوەندییەکی مرۆیی راستەقینەیە، تەنانەت ئەگەر زۆر سادە و کەمیش بێت، بەسە بۆ ئەوەی بە جەستەتی بڵێیت کە تۆ بە تەنیا نیت.