ترەمپ هەڕەشەی گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئیتاڵیا دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە بنکەکانیان لە ئیتاڵیا کرد و رۆمای تۆمەتبار کرد بەوەی لە کاتی شەڕی ئێراندا پاڵپشتی پێویستی واشنتنی نەکردووە.
یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی "کۆریێری دێلا سێرا"ی ئیتاڵی لە زاری ترەمپەوە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا گواستییەوە،" دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هێشتا لێکۆڵینەوە دەکات بۆ گواستنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئیتاڵیا و گوتیشی: "ئیتاڵیا لەو کاتەی پێویستمان پێی بوو لەوێ نەبوو".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ترەمپ رەتی کردووەتەوە لێدوان لەسەر وەڵامی ئێران بدات سەبارەت بە پێشنیازی ئاشتی ئەمریکا، کە چاوەڕوان دەکرا رۆژی هەینی رابردوو رابگەیەنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا رایگەیاند، "ناتوانێت لەو هۆکارانە تێبگات" کە لە پشت هەڕەشەکانی ترەمپەوەن، کرۆسێتۆ، کە لە تشرینی یەکەمی 2022ـەوە لە حکوومەتەکەی جۆرجیا میلۆنی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوە کرد، ئیتاڵیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە کاردەکات بۆ ئامادەکاری بۆ ئەرکێک لە گەرووی هورمز کە جەخت لەسەر لادانی مین و پاراستنی کەشتیوانی دەریایی دەکاتەوە.
هاوکات، داتاکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا نیشانی دەدەن کە تا کۆتایی ساڵی 2025، نزیکەی 12 هەزار و 700 سەربازی ئەمریکی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە ئیتاڵیا جێگیربوون، ئەمەش وای کردووە ببنە دووەم گەورەترین ئامادەیی سەربازی ئەمریکا لە ئەوروپا لە دوای ئەڵمانیا.
پێشتریش ئاژانسی هەواڵی "ئانسا"ی ئیتاڵی بڵاویکردبووەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گوتویەتی، رەنگە ئامادەیی سەربازی ئەمریکا لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا کەم بکاتەوە، هاوکات رەخنەی لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان گرت بەوەی هاوکارییان لە جەنگی دژی ئێراندا نەکردووە.
پێشووتر دۆناڵد ترەمۆ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ژمارەی سەربازەکانیان لە ئەوروپا کەمدەکەنەوە، بە تایبەت لە وڵاتی ئەڵمانیا نزیکەی 5000 سەرباز دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵآتەکەی خۆیان، لای خۆیەوە فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لە بەرنامەی "Caren Miosga"دا ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی 5000 سەربازی ئەمریکی کە باس دەکرێت، پێشتر و لە سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک هێزێکی کاتی جێگیر کرابوون و ماوەیەکی زۆرە باسی کشانەوەیان دەکرێت. گوتیشی: "رەنگە بابەتەکە کەمێک گەورە کرابێتەوە، بەڵام ئەمە شتێکی نوێ نییە."
مێرتز هەر جۆرە پەیوەندییەکی لە نێوان کشانەوەی هێزەکان و ناکۆکییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە جەنگی ئێران رەت کردەوە. سەرەڕای رەخنەکانی ترەمپ، مێرز داکۆکی لەو لێدوانەی پێشووی کرد کە گوتبووی "ئێران سووکایەتی بە ئەمریکا کردووە" و گوتی: "ئەگەر دەتەوێت لە ململانێیەکی وەهادا هاوکارت بین، دەبێت پێشوەختە پەیوەندیمان پێوە بکەیت." جەختیشی کردەوە نایەوێت دەستبەرداری کارکردن لەگەڵ ترەمپ ببێت.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، ئەو مووشەکانەی جۆری تۆماهۆک کە بڕیار بوو ئەمریکا رەوانەی ئەڵمانیای بکات، لانیکەم بۆ ئێستا راگیراون. مێرز هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەمریکا خۆی ئێستا پێویستی بەو چەکانەیە و بڕی پێویستی لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی بیداتە وڵاتانی دیکە.
مێرتز دڵنیایی دا، هیچ گۆڕانکارییەک لە بەڵێنەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ناوچەکانی ناتۆ و "بەرگری ئەتۆمی" رووی نەداوە و لەو بارەیەوە هیچ گومانێکی نییە.
ئەم لێدوانانەی مێرز لە کاتێکدایە کە ترەمپ هەڕەشەی کشانەوەی "بەکۆمەڵ" و زیاتر لە 5000 سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا دەکات، کە ئێستا گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکایە لە ئەوروپا و نزیکەی 39 هەزار سەربازی تێدایە.