کتێبی شیعری "تۆماری زامێک" کەوتە بەر دیدی خوێنەران
ئارام حاجی، نووسەر و شاعیر، نوێترین کتێبی شیعری خۆی "تۆماری زامێک"، کە لەلایەن ناوەندی نووسیار چاپکراوە، بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، ئارام حاجی، نووسەر و شاعیر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە شیعریەکەی بە کوردستان24ی گوت، "تۆماری زامێک، ناونیشانێکە کە لە یەکەم خوێندنەوەدا سەرنج رادەکێشێت، بە تایبەتی لە رووی رێنووسەوە، چونکە وشەی "زام" بە پاشگری "ێک" کۆتایی هاتووە، شتێکە کە هەوڵێکی زمانەوانی و شیعرییە بۆ ناساندنی برینێکی نەناسراو و نادیار. من لە پێشەکی و روونکردنەوەکانی ئەم بەرهەمەدا ئاماژە بەوە دەکەم کە ئامانجی سەرەکی، گەیشتنە بەو برینانەی کە مرۆڤ هەستیان پێ دەکات، بەڵام ناویان نییە یان ناتوانرێت بە ئاسانی دەستنیشان بکرێن."
ئارام حاجی گوتیشی، "لە دەقەکانی ئەم کتێبەدا، برین و ئازار تەنیا بە مانای ئاشکرای جەستەیی نابینم، بەڵکو وەک دیاردەیەکی بوونی و دەروونی مامەڵەی لەگەڵ دەکەم، لە هەندێک دەقدا ئەم "زام"ە، دەبێتە سوێر و ماندووبوونی کرێکار، لە شوێنێکی دیکەدا دەبێتە نان لە خێزانە قەرەباڵخەکاندا، و هەندێکجاریش وەک دوورکەوتنەوەی مرۆڤە لە خۆی یان بەتاڵبوونی ناخی مرۆڤی سەردەمی دیجیتاڵی دەرکەوتووە."
ئەو شاعیرە باس لە شێوازی زمانەوانی ئەم کتێبە شیعرییەی دەکات و دەڵێت، "من هەوڵمداوە لە رێگەی زمانی شیعرەوە، ئەو ئازارانە دەستنیشان بکەم کە لە پەنهانیدان، ئەو برینانەی کە خاوەنەکەیان هەستیان پێ دەکات، بەڵام زۆرجار لەلایەن کۆمەڵگە یان تەنانەت خۆیانیشەوە ناناسرێن، هەر بۆیە زمان تەنیا ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن نییە، بەڵکو دەبێتە رێگەیەک بۆ دۆزینەوەی خودی برین."
ئارام حاجی ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم کتێبە شیعرییە پێکهاتووە لە 21 ناونیشانی شیعری و لە 102 لاپەڕەدا چاپ کراوە. ئەم کتێبە بەردەوامییەکی ئەو پرۆژە فکری و ئەدەبییەیە کە من لە ساڵانی رابردوودا کارم لەسەر کردووە، پرۆژەیەک کە شیعر بە تەنیا هونەر نابینێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی دۆزینەوە و پرسیارکردن سەیری دەکات."
ئارام حاجی، نووسەر و شاعیر، خەڵکی دەربەندیخانە، ماوەیەکی زۆرە دەنووسێت و خاوەنی پێنج کتێبی شیعرییە.