ناتانیاهۆ: لە پێناو رێککەوتن لەگەڵ ئێران شەڕی حزبوڵڵا راناگرین
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، تەلئەڤیڤ رەزامەندی نادات لەسەر راگرتنی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانی دژی "حزبوڵڵا" لە لوبنان وەک بەشێک لە هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس نیوز"ی ئەمریکی، پرسیار لە ناتانیاهۆ کرا ئایا ئیسرائیل رەزامەند دەبێت لەسەر راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حزبوڵڵا لە چوارچێوەی رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، ئەویش بە توندی وەڵامی دایەوە و گوتی: "نەخێر".
ناتانیاهۆ پێشتر روونیکردبووەوە،"راگرتنی جەنگ لەگەڵ ئێران، لوبنان ناگرێتەوە"، هەروەها جەختی کردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی ئەو رێکخراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لە قۆناغی ئێستادا دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمە بۆ راوەدونانی حزبوڵڵا بۆ پشتەوەی رووباری لیتانی.
لە پێشهاتێکی دیکەدا، ناتانیاهۆ خۆی بەدوور گرت لە وەڵامدانەوەی راشکاوانە سەبارەت بەوەی ئایا ئیسرائیل وەڵامی داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ راگرتنی جەنگ دژی حزبوڵڵا دەداتەوە یان نا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێی باش بوو جەخت لەسەر هەڵوێستی سەربەخۆی وڵاتەکەی بکاتەوە و گوتی:" جەنگی ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتووە بەهۆی بوونی یۆرانیۆمی پیتێنراو کە پێویستە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەربهێنرێت".
ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنەکەدا بڕوای خۆی دەربڕی کە لاوازکردنی رژێمی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو، یان گۆڕانکاری ریشەیی لە دەسەڵاتی تاران، دەبێتە هۆی هەرەس هێنانی تەواوەتی تۆڕی بریکارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "ئەگەر ئەم رژێمە بە راستی لاواز بێت یان رەنگە بڕووخێنرێت، پێموایە ئەوە کۆتایی حزبوڵڵایە، کۆتایی حەماسە، و رەنگە کۆتایی حوسییەکانیش بێت، چونکە تەواوی ئەو پێکهاتەیەی تۆڕی بریکارە تێرۆریستیانەی کە ئێران دروستی کردووە، دەڕووخێت ئەگەر رژێم لە ئێران بڕووخێت".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە بەردەوامە، لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانە توندەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لەسەر سنوورەکانی لوبنان کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس لە لوبنان.