وەزیری وزەی ئەمریکا: واشنتن هیچ پلانێکی نییە بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆم لە ئێران
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا دانی بەوەدا نا ئەمریکا هیچ پلانێکی دیاریکراوی نییە بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئێران.
دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس"، لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی پلانی ئەمریکا بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆمی ئێران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتی: "ئێمە ئەوە نازانین، ئەوە شتێکە کە دەبێت دیاری بکەین".
جێگای ئاماژەیە دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
لەمبارەیەوە، ئێران چەندین جار رەتیکردووەتەوە باسی هەر سنووردارکردنێک بکرێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و جەختی کردووەتەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، هەروەها ئێران رەزامەندی نەداوە لەسەر گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو کە لە وڵاتەکەیدا هەیە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە تا رێژەی 60% پێدەچێت بەشێک لەو کۆگایانە لە شوێنێکی ژێر زەویدا بن لە ئەسفەهان کە کەوتبووە بەر بۆردومانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەر بۆیە دەرهێنانی یۆرانیۆم لەوێوە کارێکی قورس بێت.