چوار هونەرمەند کۆنسێرتێکی هاوبەشیان سازکرد

کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەندانی وەکو، زاهیر عومەر و یوسف کوردستانی و ئەندام محەمەد و رزگار هەولێری، لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، سەرمەند فوئاد، بەڕێوەبەری کۆنسێرتەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەم چوار هونەرمەندە گوێچکەکانی ئێمەیان پڕ لە میوزیک و ئاواز و گۆرانی کوردی کردووە، بەڵام تا ئێستا رێکنەکەوتووە لە کۆنسێرتێکی لەم شێوەیەدا کارێکی هاوبەشیان بۆ بکەین، ئێمە ئەو کارەمان دەستپێکرد و هیوادارم بۆ گۆرانیبێژەکانی دیکەش بەردەوام بین، لەسەر هەموو فۆڕمە میوزیکە کوردییە لە ئایندەدا کار دەکەین."

سەرمەند فوئاد گوتیشی، "زۆر گۆرانیبێژی دیکەش هەن کە ساڵانێکی زۆرە خزمەتیان بە هونەری کوردی کردووە، لە پلانمان دایە بەگوێرەی توانای خۆمان کاریان بۆ بکەین، بە شێوازێکی نوێ و سەرنجڕاکێش بە کۆمەڵ کۆنسێرتیان بۆ ساز بکەین، ئەوەی لە دڵیان دایە لە رێگەی هونەرەکەیانەوە پێشکەشی جەماوەری بکەن."

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی میوزیک و کەلەپوور، بە هاوکاری پارێزگای هەولێر، کۆنسێرتەکە بۆ ئەم چوار هونەرمەندە بەڕێوەچوو.