لە هەولێر دوو بەڵگەفیلم نمایش کران

دوو بەڵگەفیلمی "تۆپزاوە" و "گەڕانەوە بۆ قەڵای مەرگ"، کە لە دەرهێنانی محەمەد سەیدە، لە هەولێر لە سینەما هەولێر نمایش کرا. ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئایاری 2026، محەمەد سەید دەرهێنەری ئەو دوو بەڵگەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، "بەڵگەفیلمی "تۆپزاوە"، چیڕۆکی گوندی تۆپزاوە دەگێڕێتەوە، ئەو شوێنەی کە بۆ هەزاران کەس لە سەردەمی ئەنفال بووە دەستپێکی ئازار و نەهامەتی.

 فیلمەکە وتووێژ لەگەڵ شایەتحاڵان و رزگاربووان، پیشان دەدات کە چۆن خەڵک بە زۆر لە ماڵ و نیشتمان جیا کراونەتەوە و چوونە ناو تاریکی چارەنووسی نادیار. ناونیشانی "پرسگەیەک بەر لە دەروازەی جەهەننەم"، ئاماژەیە بۆ ئەو ساتانەی کە تۆپزاوە بۆ زۆربەیان دوا هیوای ژیان بوو پێش چوونە ناو مردن و لەناوچوون."

ئەو دەرهێنەرە باس لە بەڵگەفیلمی دووەم دەکات و دەڵێت، "بەڵگەفیلمی "گەڕانەوە بۆ قەڵای مەرگ"، باس لە گەڕانەوەی ژمارەیەک لە قوربانیان یان خێزانەکانیان بۆ ئەو شوێنانەی یادی ئازاریان تێدایە دەکات. فیلمەکە هەست و بیرەوەری ئەو کەسانە دەخاتەڕوو کە دوای ساڵانێکی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی زیندان، کوشتن و ترس. "قەڵای مەرگ"، وەک هێمایەک بۆ شوێنێک بەکاردێت کە مرۆڤایەتی تێدا شکێندراوە. بەڵگەفیلمەکە باس لە برینداربوونی رۆحی و بیرەوەرییەکان دەکات، لەگەڵ هیوای ئەوەی راستییەکان هەمیشە بمێننەوە.

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ، بەهاوکاری دەزگەی نەتەوەیی جێنۆیایدی کوردستان، هەردوو بەڵگەفیلمی "تۆپزاوە" و "گەڕانەوە بۆ قەڵای مەرگ"، لە سینەما هەولێر نمایش کرا.