چەند وڵاتێک بەشداریی پاراستنی گەرووی هورمز دەکەن
بەریتانیا هێزی ئاسمانی و دەریایی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز دەنێرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، حکوومەتی ئوسترالیا رایگەیاند؛ پەیوەندی دەکات بە ئەرکێکی سەربازی بە سەرۆکایەتی فەرەنسا و بەریتانیا، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی گەشتیاری دەریایی لە گەرووی هورمز.
ڕیچارد مارلز، وەزیری بەرگریی ئوسترالیا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی بەشداریی لە ئەرکێکی "تەواو بەرگری"دا دەکات، لەلایەن ئەو دوو وڵاتە ئەوروپییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
وەزیری بەرگریی ئوسترالیا دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی 40 وڵات ئاماژەی بەوە کرد، ئوسترالیا لە رێگەی فڕۆکەیەکی چاودێرییەوە بەشداری دەکات، پێشتر بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران رەوانەی ناوچەکەی کردبوو.
وەزیری بەرگریی لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "ئوسترالیا ئامادەیە بۆ پشتگیریکردن لە ئەرکێکی سەربازیی فرەنەتەوەیی سەربەخۆ و تەواو بەرگری بە سەرۆکایەتی بەریتانیا و فەرەنسا، هەر کاتێک دامەزرا."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ئەرکە بە مەبەستی تەواوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەوڵەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان داڕێژراوە، لەگەڵ نیشاندانی پابەندبوونی کردەیی بە ئاسایشی بازرگانی نێودەوڵەتی.
پێشتر حکوومەتی بەریتانیا و فەرەنسا رایانگەیاندبوو، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، بەشداری لە ئەرکی بەرگریی نێودەوڵەتیدا دەکەن. ئەم بڕیارە لە میانی لووتکەیەکی ئۆنلاین لەگەڵ 40 وەزیری بەرگریی وڵاتانی دیکە راگەیەندرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هاوکارییەکانی بەریتانیا بریتین لە؛ درۆن بۆ دۆزینەوە و لادانی مینە دەریاییەکان. فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "تایفون" بۆ ئەنجامدانی گەشتی چاودێری ئاسمانی. کەشتیی جەنگی "دراگۆن" کە تێکشکێنەرێکی بەرگریی ئاسمانییە و ئێستا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتووە.
حکوومەتی بەریتانیا بڕی 115 ملیۆن پاوەند (155.5 ملیۆن دۆلار) وەک بودجەی زیادە بۆ دابینکردنی ئامێرە بێفڕۆکەوانەکانی دۆزینەوەی مین و سیستەمی بەرگری دژی درۆنەکان تەرخان کردووە.
جۆن هیڵی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ئەرکە نێودەوڵەتییە بەرگرییانە و سەربەخۆ دەبێت و ئامانج لێی دڵنیاکردنەوەی کەرتی بازرگانی و پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریاییە، دوای ئەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی ئێران بوونە هۆی کەمبوونەوەی جووڵەی کەشتییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا.
دوای هێڕشی ئەمریکا- ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە 28ـی شوباتی 2026، دەسەڵاتی ئێران لە دوای ئەو هێڕشانە گەرووی هورمزی وەک وەلامێک بۆ هێرشەکان داخستن. گەرووی هورمز شا دەماری ئابووریی جیهانە و پێش جەنگ یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی تێیدا تێدەپەڕی. پسپۆڕان پێیان وایە ئەم پێناسە نوێیەی ئێران بۆ "ناوچەی ئۆپراسیۆن"، هەوڵێکە بۆ شەرعییەتدان بە هێرشکردنە سەر هەر کەشتییەک کە لەو 300 میلەدا بێت، ئەمەش مەترسیی پێکدادانی راستەوخۆ لەگەڵ هێزی دەریایی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ وەک سعوودیە، عێراق و قەتەر چەند هێندە دەکات.