بوومەلەرزەیەک تاران و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری هەژاند

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.6 پلەی پێوەری رێختەر تارانی پایتەختی ئێران و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری هەژاند و بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی ناوچەکە.

بەگوێرەی راپۆرتی سەنتەری بوومەلەرزەزانی ئێران، بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر 11:46 خولەکی درەنگانی شەو بە کاتی ناوخۆ، لە سنووری نێوان هەردوو پارێزگای تاران و مازەندەران روویداوە. چەقێکی بوومەلەرزەکە لە نزیک شاری "پەردیس" لە رۆژهەڵاتی تاران بووە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ناخی زەویدا تۆمارکراوە.

سەبارەت بە زیانەکان، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی بوونی زیانی گیانی یان ماددی بڵاونەکراوەتەوە. بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئێران، دانیشتووانی باکووری تاران، پارێزگای مازەندەران، هەروەها ناوچەکانی پەردیس، بومێهێن و روودەهێن بە ڕوونی هەستیان بە هەژانەکە کردووە.

ئێران بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە لەسەر چەندین هێڵی چالاکی بوومەلەرزە، ناوە ناوە رووبەڕووی بوومەلەرزە دەبێتەوە کە هەندێکیان زیانی گەورە دەگەیەنن. شارەزایان هەمیشە هۆشداریی لەبارەی تاران دەدەن، چونکە بەهۆی چڕی زۆری دانیشتووان و کوالێتی هەندێک لە بیناکانی، هەر بوومەلەرزەیەکی بەهێز دەکرێت کارەساتی لێبکەوێتەوە.