کەشتییەکی ئێرانی و یەکێکی چینی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕین
ئاژانسی بلومبێرگ و تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زانیارییەکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکانەوە گواستیانەوە، دوو کەشتی کە یەکێکیان ئێرانی و ئەوی دیکەیان چینییە، بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕین سەرەڕای ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا باس لە هەبوونی دەکات.
پێنچشەممە 13ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی زانیارییەکان ئاژانسی بلومبێرگ و تۆڕی "سی ئێن ئێن"، کەشتی "تارا گاز" کە تایبەتە بە گازی شل (LPG) و پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، درەنگانی شەوی سێشەممە هێڵی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکای بەزاندووە و ئێستا بەرەو باشووری رۆژهەڵات لە دەریای عەرەب دەڕوات، ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم کەشتییە لە سەرەتای مانگی ئایاردا گازی شلی ئێرانی بارکردووە.
هاوکات کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی چین بە ناوی "یوان هوا"، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بینراوە کە بە ناو گەرووی هورمزدا بەرەو رۆژهەڵات دەڕوات، دوای ئەوەی پێشتر لە 28ـی شوبات لە بەندەری عەسەلوییەی ئێران لەنگەری گرتبوو، دوایین وێستگەشی لە 20ـی ئازار لە یەکێک لە بەندەرەکانی ئیمارات بووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کەشتییە چینییەکە لەو ماوەیەوە لە ناوچەی کەنداو لە جوڵەدا بووە، تا ئێستاش هیچ لێدوانێکی فەرمی لەمبارەیەوە نەدراوە.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، بەڵام دوای بەرێوەچوونی گەرێکی دانوستانەکان لە پاکستان، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گەرووی هورمز کرایەوە، دواتر جارێکی دیکە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە داخرایەوە، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە 20% بازرگانی نەوتی جیهانی بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپیش لە بەرانبەر داخستنی گەرووەکە گەمارۆی دەریایی خستە سەر ئێران و ناهێڵێت هیچ کەشتییەکی بازرگانی تاران هاتوچۆ بکات. بەمەش ئێران ناتوانێت بەرهەمی نەوتی هەناردە بکات.