گەنجێك ركابەری فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ سەرۆكایەتی ریال مەدرید دەكات
كاسیاس بۆ سەرۆكایەتی ریال مەدرید پاڵپشتی ئەو گەنجە بازرگانە دەكات
ئینریكێ ریكێلمی سەرمایەدارێكی ئیسپانییە و دەیەوێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ریال مەدرید ركابەری فلۆرێنتینۆ پێرێز بكات، ئیكەر كاسیاس پاڵپشتی ئەو ئەو سەرمایەدارە دەكات.
ئینریكێ ریكێلمی هاندەرێكی سەرسەختی ریال مەدریدە و ئەندامی فەرمی مەدریدێستایە و ئامادەی زۆرینەی یارییە گرینگەكانی یانەكە دەبێت و سپۆنسەری تیمی رافای پێشبڕكێكانی یەختی كارەباییە.
ریكێلمی جگە لەوەی زۆر حەزی لە وەرزشی فۆرمولا وەن و گۆڵفە، بەڕێوبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كۆكسە كە لە بواری وزەی خاوێن لە ئەمریكای لاتین كار دەكات و یەكێكە لە 100 كاریگەرترین كەسەكانی ئەو كیشوەرە.
پێشتریش بڕیاربوو ئینریكێ ریكێلمی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021 ركابەری فلۆرێنتینۆ پێرێز بكات، بەڵام دواتر كشایەوە و هەوڵیدا پۆستێكی ئیداری لە نێو ریال مەدرید وەربگرێت بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 20 ساڵە ئەندامی فەرمی یانەكەیە و باوكیشی لەنێو ئیدارەی ریال مەدرید پۆستی هەبووە و سەرجەم ئەو مەرجانەی كە پێرێز لە دوایین جار هەمواری كردەوە لە ئینریكێ ریكێلمی بوونی هەیە.
دوێنێ سێشەممە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی ریال مەدرید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند دەست لەكار ناكێشێتەوە بەڵكو داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد و داوایكرد كێ ركابەری دەكات با بێتە نێو ركابەریكردنی.
بە گوێرەی پێگەی كۆپێ ئیسپانیا، ئێنریكی ریكیلمی تەمەنی 37 ساڵ، لە لایەن سێرخیۆ رامۆس، میگێل تۆرێس و فێرناندۆ سانز و رافاییل نادالیش پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی داهاتووی یانەی ریال مەدرید.