جیپ و پیژۆ ئۆتۆمبێلە نوێکانیان لە چین بەرهەم دەهێنن

کۆمپانیای ستیڵانتیس، خاوەنی براندەکانی پیژۆ و جیپ، رێککەوتنێکی گەورەی بە بەهای 1 ملیار یۆرۆ لەگەڵ کۆمپانیای دۆنگ فێنگی حکوومیی چینی واژۆ کرد، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی پێشکەوتوو لە چین و هەناردەکردنیان بۆ بازاڕەکانی جیهان.

 رۆژی هەینی 15ی ئایاری 2026، کۆمپانیای ستیڵانتیس، کە خاوەنی براندە بەناوبانگەکانی وەک فیات، پیژۆ و جیپە، رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای دۆنگ فێنگی چینی، کە بنکەکەی لە شاری وۆهانە، گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنانی مۆدێلە نوێیەکانی ئۆتۆمبێل بۆ بازاڕی ناوخۆی چین و هەناردەکردنیش بۆ دەرەوە.

هەوڵێک بۆ بوژانەوەی ستیڵانتیس

ئەم هەنگاوە نوێیە بەشێکە لە ستراتیژیی ئەنتۆنیۆ فیلۆسا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ستیڵانتیس، بۆ بوژانەوەی کۆمپانیاکە دوای چەند ساڵێک لە خاوبوونەوەی بازار لە ئەوروپا و ئەمریکا. کۆی وەبەرهێنانەکە دەگاتە 8 ملیار یوانی چینی (نزیکەی 1 ملیار یۆرۆ)، کە ستیڵانتیس بە بڕی 130 ملیۆن یۆرۆ تێیدا بەشدارە.

هەژموونی تەکنەلۆژیای چین

ئەم رێککەوتنە دەری دەخات چۆن کۆمپانیا رۆژئاواییەکان ناچارن هاوکاری رکابەرە چینییەکانیان بکەن بۆ ئەوەی لە کاروانی پێشکەوتنی سۆفتوێر، پاتری و سیستمەکانی لێخوڕینی خۆکار دانەبڕێن، کە چین لەم بوارانەدا پێشەنگی جیهانە.

بەگوێرەی پلانەکە، لە ساڵی 2027ەوە کارگەکەی وۆهان بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی دوو مۆدێلی نوێی "پیژۆ" لە جۆری وزەی نوێ، لەگەڵ دوو مۆدێلی "جیپ"ی هایبرید بۆ بازاڕە جیهانییەکان.

ئاڵنگارییەکانی بازاڕی چین

هەرچەندە ستیڵانتیس گەشبینە، بەڵام فراوانبوونی فرۆش لە چین کارێکی ئاسان نابێت. فرۆشی ئۆتۆمبێلە بیانییەکان لە بازاڕی ناوخۆی چین لە ساڵی 2020دا رێژەی 64%ی هەبوو، بەڵام ساڵی رابردوو بۆ نزیکەی 30% دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی بەهێزیی براندە ناوخۆییەکانی چین و شەڕی توندی نرخ لەو وڵاتەدا.

ئەمە لە کاتێکدایە، ستیڵانتیس هەفتەی رابردووش رایگەیاندبوو کە هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای "لیپ مۆتۆر"ی چینی فراوانتر دەکات و یەکێک لە کارگەکانی خۆی لە ئیسپانیا بۆ ئەو کۆمپانیا چینییە تەرخان دەکات کە پسپۆرە لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە کارەباییە هەرزانەکان.