محەمەد فەزڵ شاکر: باوکم بەم زووانە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ستەیجی ئاهەنگەکان
کوڕی هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی فەزڵ شاکر، ئاشکرای کرد، کە بەهۆی پێشهاتە ئەرێنییەکان لە دۆسیە یاساییەکانی باوکیدا، گەڕانەوەی ئەو هونەرمەندە بۆ سەر ستەیجی ئاهەنگەکان زۆر نزیک بووەتەوە.
هەینی، 15ـی ئایاری 2026، محەمەد فەزڵ شاکر، کوڕی هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی فەزڵ شاکر، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بێتو هەلومەرجە یاساییە گونجاوەکان دەستەبەر ببن، ئەگەری دەرکەوتنی دووبارەی باوکی لەسەر ستەیجی ئاهەنگەکان زۆر نزیک بووەتەوە.
هەروەها گوتیشی، خێزانەکەیان لە دۆخێکی پڕ لە هیوا و چاوەڕوانیدا دەژین بۆ بینینی ئەنجامی رێکارە یاساییەکانی داهاتوو و، جەختیشی کردەوە کە چارەکردنی کێشەکەی باوکی نزیکە.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کە تیمی بەڕێوەبردنی کارەکانی فەزڵ شاکر ئێستا کار لەسەر داڕشتنی پلانێک دەکەن بۆ گەڕانەوەی هونەریی ئەو گۆرانیبێژە. پلانەکە ئامادەکاری لەخۆ دەگرێت بۆ بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک بەرهەمی گۆرانیی نوێ، دەستبەجێ دوای یەکلاکردنەوە و چارەبوونی تەواوەتیی دۆخە یاساییەکەی.
هەمان ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە ئەو هونەرمەندە نزیکەی 20 گۆرانیی نوێی تۆمار کردووە، کە بڕیارە بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ بڵاو بکرێنەوە.
بە پێی زانیارییەکان، بڕیارە یەکەمین بەرهەمیش گۆرانییەک بێت بە ناوی (قمري)، ئەمەش وەک بەشێک لەو پلانەی کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئامادەیی بەهێزی ئەو هونەرمەندەیە بۆ نێو گۆڕەپانی گۆرانیی عەرەبی، پاش چەندین ساڵ لە دابڕان.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025، فەزڵ شاکر، هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە دەروازەی کەمپی عەین حەلوەی فەڵەستیینییەکان لە لوبنان، خۆی رادەستی سوپای وڵاتەکە کرد.
لە رۆژی 6ـی ئایاری 2026، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردبووەوە، کە دادگای تاوانەکانی بەیرووت بڕیاری بێتاوانی بۆ فەزڵ شاکر دەکرد.
بە پێی هەواڵی ئاژانسکە، دۆسیەی هونەرمەندەکە پەیوەست بوو بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی (هیلال حەمود)، یەکێک لە بەرپرسانی گرووپی ناسراو بە 'سەرایا ئەلموقاوەمە'. بەڵام دادگا بە هۆکاری نەبوونی بەڵگە لەسەر ئەو کارە بڕیاری بێ تاوانیی بۆ فەزڵ شاکر دەرکرد.
فرانس پرێس ئاماژەی بەوەش کردبوو، هێشتا رێگەی ئازادی بۆ ئەم پیاوە 57 ساڵەیە بە تەواوی کراوە نییە. لەسەر مێزی دادگای لوبنان، چوار دۆسیەی دیکەی ئەمنیی ئاڵۆز لە دژی فەزڵ شاکر بە کراوەیی ماونەتەوە. بڕیار وایە لە 26ـی ئەم مانگەدا، دانیشتنێکی دیکەی دادگا بۆ تاوتوێکردنی ئەو دۆسیانە بەڕێوە بچێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا، دادگا قسەی کۆتایی خۆی بکات و بە یەکجاری چارەنووسی فەزڵ شاکر دیاریی بکات.
فەزڵ شاکر کێیە؟
هونەرمەندی گۆرانبێژی ناسراوی لوبنانە، لە ساڵی 1969 لە باوکێکی لوبنانی و دایکێکی فەڵەستینی لەدایکبووە، سەردەمانێک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی جیهانی عەرەبی بوو.
بەڵام لە ساڵی 2012ـدا، شۆکێکی گەورەی بەخشییە هەوادارانی و جیهانی هونەر؛ بە یەکجاری بڕیاری وازهێنانی لە گۆرانیگوتن دا و پەیوەندی بە ریزەکانی گرووپە چەکدارییەکەی (شێخ ئەحمەد ئەسیر)ەوە کرد.
ئەم هەنگاوە وای کرد تێوەبگلێت لە چەندین پێکدادانی چەکداریی توند لەگەڵ سوپای لوبنان، کە دواجار بووە هۆی ئەوەی ببێتە کەسێکی داواکراو. لەو کاتەوە و تاوەکوو کۆتایی ساڵی رابردوو، شێوازی ژیانێکی تەواو نهێنی هەڵبژاردبوو و شوێنی مانەوەی نادیار بوو.