وڵاتانی برێکس دوای دوو رۆژ لە کۆبونەوە نەیانتوانی هەڵوێستەکانیان یەکبخەن
وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی "برێکس" نەیانتوانی بەیاننامەیەکی هاوبەش واژۆ بکەن، ئەمەش بەهۆی جیاوازیی بۆچوونی ئەندامەکان لەسەر پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی برێکس کە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان بەردەوام بوو، بێ دەرکردنی بەیاننامەی کۆتایی هاوبەش کۆتایی هات.
هەینی 15ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە بەیاننامەیەکدا بە ناوی سەرۆکایەتی هیندستان بۆ کۆمەڵەی "برێکس" رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام هەڵوێستی تایبەتی خۆیان لەسەر پرسەکانی وەک سەروەری، ئاسایشی دەریایی، پاراستنی ژێرخانی مەدەنی و پاراستنی ژیانی خەڵک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، جیاوازیی تێڕوانینەکان لە نێوان وڵاتانی ئەندام بووەتە رێگر لەبەردەم گەیشتن بە بەیاننامەیەکی هاوبەش.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا لە نیودەلهی بەڕێوەچوو کە ئاسەوارەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران و ئەو فشارانەی کەوتوونەتە سەر بازاڕەکانی وزەی جیهان بەردەوامن، هیندستان لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی میوانداری وەزیرانی دەرەوەی 11 وڵاتی ئەندامی رێکخراوەکەی کرد.
کۆمەڵەی "برێکس" لە ساڵی 2006 لەلایەن بەرازیل، روسیا، هیندستان و چین دامەزرا، لە ساڵی 2011ـدا باشووری ئەفریقا چووە ناو رێکخراوەکە و لە 1ـی کانوونی دووەمی 2024، وڵاتانی میسر، ئەسیوپیا، ئێران، سعودیە، ئیمارات و ئیندۆنیزیا بوونە ئەندامی فەرمی.
لە کۆبوونەوەکەدا، شو فایهۆنگ باڵیۆزی چین لە نیودەلهی ئامادە بوو، چونکە وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین بەهۆی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەیژینگ، نەیتوانیبوو گەشت بکات.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا ئەنجام درا، جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە و بووەتە هۆی دروستبوونی فشار لەسەر بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز.