کۆمپانیا جیهانییەکانی فڕۆکەوانی کەی گەشتەکانیان ئاسایی دەکەنەوە ؟
کۆمپانیا جیهانییەکانی فڕۆکەوانی چەندین گۆڕانکارییان لە خشتەی گەشتەکانیاندا کردووە، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزییە زۆرەکانی جوڵەی ئاسمانی کە لە ئەنجامی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران دروست بووە.
هەینی 15ـی ئایاری 2026، زۆرێک لە کۆمپانیاکان رێڕەوی گەشتەکانی نێوان ئەوروپا و ئاسیایان گۆڕیوە یان گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە و خۆیان لە تێپەڕبوون بە ئاسمانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزن.
گرنگترین گۆڕانکارییەکان:
فڕۆکەوانی ئیجە (Aegean):
پلانی هەیە گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ لە 21ـی ئایارەوە دەست پێ بکاتەوە، هەروەها گەشتەکانی ریاز و عەممان لە هەمان رێکەوتدا دەست پێ دەکەنەوە، بەڵام گەشتەکانی دوبەی تا 29ـی حوزەیران و گەشتەکانی بۆ عێراق تا 2ـی تەمموز بە هەڵوەشێنراوەیی دەمێننەوە.
ئایرۆفلۆت (Aeroflot):
رایگەیاندووە کە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە گەشتەکانی بۆ ئیمارات دەست پێ دەکاتەوە.
ئایر بالتیک (Air Baltic):
هەموو گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ تا 28ـی حوزەیران و بۆ دوبەی تا 24ـی تشرینی یەکەم هەڵوەشاندووەتەوە.
ئایر کەنەدا (Air Canada):
هەموو گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ و دوبەی تا 7ـی ئەیلوول راگرتووە.
ئایر یورۆپا (Air Europa):
گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ تا 9ـی حوزەیران هەڵوەشاندووەتەوە.
ئایر فرانس - کەی ئێڵ ئێم (Air France–KLM):
گەشتەکانی ئایر فرانس بۆ تەلئەڤیڤ ، بەیروت و دوبەی تا 27ـی ئایار و بۆ ریاز تا 19ـی ئایار راگیراون، هەروەها گەشتەکانی کەی ئێڵ ئێم بۆ ریاز و دەمام تا 28ـی حوزەیران راگیراون.
کاسای پاسیفیک (Cathay Pacific):
گەشتەکانی بۆ دوبەی و ریاز تا 30ـی حوزەیران هەڵوەشاندووەتەوە.
دێڵتا (Delta):
گەشتەکانی نێوان ئەتڵانتا و تەلئەڤیڤ تا 30ـی تشرینی دووەم راگرتووە.
فڕۆکەوانی ئەلعال (El Al):
هەموو گەشتەکانی بۆ دوبەی تا 31ـی ئایار هەڵوەشاندووەتەوە.
فین ئایر (Finnair):
گەشتەکانی بۆ دەوحە تا 2ـی تەمموز راگرتووە و تا مانگی تشرینی یەکەم هیچ گەشتێک بۆ دوبی ئەنجام نادات.
راگرتنی ئەم گەشتە ئاسمانییانە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی دوای ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران تا دێت روو لە زیادبوون دەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو وەڵامەی ئێران بۆ پێشنیازەکانی ئەمریکا دابویەوە بە دڵی نییە، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە ناوچەکە لێکدەدرێتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئێران رایگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری گەرووی هورمز نابێت و ئامادە نییە لەبەردەم داواکارییەکانی ئەمریکادا چۆک دابدات.