گراهام ئارنۆڵد: لە مۆندیال لە فەرەنسا و نەرویج ناترسین
وادەی راگەیاندنی لیستی كۆتایی هەڵبژاردەی عێراقی ئاشكرا كرد
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق تەواوی پلانەكانی هەڵبژاردەكەی بۆ میدیایەكان ئاشكرا كرد و جەختی لەوەش كردەوە ئەگەرچی لە قورسترین كۆمەڵەی مۆندیال یاری دەكەن بەڵام بە عەقڵێكی عێراقی رووبەڕووی فەرەنسا و نەرویج دەبنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 16 ئایاری 2026، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند 23 یاریزان لەگەڵ خۆی بۆ كەمپەكەی هەڵبژاردەی عێراق دەباتە ئیسپانیا، گوتیشی: رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو ناسنامەی 26 یاریزان وەكو لیستی كۆتایی بۆ بەشداریكردن لە مۆندیالی داهاتوو رادەگەیەنم.
گراهام ئارنۆڵد لە بەرسیڤێكی رۆژنامەنووساندا رایگەیاند تكایە باسی پاڵاوتنەكانی مۆندیال مەكەن، گوتیشی: ئێستا كاتی ئەوە باسی ئەوە بكەین لە مۆندیال چی دەكەین، دڵنیا بن كارێك دەكەین دەبێت هەموو عێراقییەكان شانازیمان پێوە بكەن.
ئارنۆڵد گوتیشی: لە قورسترین كۆمەڵەی مۆندیال یاری دەكەین، بەڵام ناترسین و بە عەقڵیەتی عێراقیانە رووبەڕووی فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال دەبینەوە، ئێمە دەچینە نێو یارییەكانی مۆندیال، 11 یاریزان بەرامبەر 11 یاریزان یاری دەكەین، دواتر دەبینن چی روودەدات، رووحی شەڕ و جەنگاوەرانە لە ناخ و عەقڵی یاریزانە عێراقییەكان دا هەیە و زۆر متمانەیان پێیان هەیە.
ئارنۆڵد داوای لێبوردنیشی كرد كە بەهۆی رێنماییەكانی حكوومەتی ئوسترالیا نەیتوانی بەشداریی ئاهەنگەكانی سەركەوتنی عێراق بۆ مۆندیال بكەم.
ئارنۆڵد گوتیشی: لەوەتەی ساڵی 2004ـەوە یاریزانی عێراقی باش دەناسم، كاتێك یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵمپی ئوسترالیا بووم و رووبەڕووی عێراق بوومەوە، بە تەواوەتی لە عەقڵیەتی یاریزانی عێراقی تێگەیشتم، بۆم دەركەوت هەڵبژاردەی عێراق توانایەكی گەورەی هەیە، بەڵام كێشەكەی ئەوەیە لە ئامادەكارییەكاندا بەردەوامی نییە.
ئارنۆڵد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە زۆر بە پەرۆشە بۆ یەكەمین یاریی لە مۆندیال لە دژی نەرویج، گوتیشی: كاتێك سروودی نیشتیمانی عێراق لێدەدرێت، دەبێت یاریزانانی عێراقی شانازی بكەن و هێز و خرۆشێكی زۆر لە ناخیاندا گڕ بگرێت و وەكو یەك خێزان بجەنگنن.
هەڵبژاردەی عێراق پێش ئەوەی گەشتی ئەمریكا بكات، لە رۆژی 29ـی ئەم مانگە لە یاریگەی جیرۆنا یارییەكی دۆستانە بەرامبەر ئەندۆرا دەكات، دواتر رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو كەمپەكەمان دەگوازنەوە بۆ لاكۆرۆنیای ئیسپانیا، رۆژی 4ـی مانگی داهاتوو یارییەكی دۆستانە بەرامبەر ئیسپانیا دەكەن، پاشان رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو گەشتی شیكاگۆی ئەمریكا دەكەن، رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو لە شیكاگۆ بەرامبەر ڤێنزیلا یاری دەكەن.