شاد قەزاز رۆمانی زارۆکانی زاگرۆسی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە
شاد رەئوف، رۆماننووسی کورد، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناوی "زارۆکانی زاگرۆس"، بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، شاد قەزار، رۆماننووسی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "کتێبی "زارۆکانی زاگرۆس"، هەنگاوێکی تازەی لە ناساندنی مایتۆلۆژیا و چیرۆکی کوردی بۆ خوێنەری ئینگلیزی هەڵگرتووە. ئەم رۆمانە کە سەرەتا بە زمانی هۆڵەندی نووسیم و بڵاوم کردەوە، ئێستا بە وەشانی ئینگلیزی لە بازاڕدا بەردەستە و چیرۆکێکی ئەفسانەیی و پڕ لە نهێنییەکانی کۆنی زاگرۆس دەگێڕێتەوە."
شاد قەزاز گوتیشی، "رۆمانەکە بە پشتبەستن بە ئەفسانە و کارەکتەرە ناسراوەکانی وەک "سیمرغ"، "شاماران" و "زوحاک"، گەشتی شازادە خانمێکی کوردستان بە ناوی "رووناک" دەگێڕێتەوە؛ کچێک کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە میراتگری تەخت دیاری دەکرێت لەجیاتی سێ برا گەورەکەی. بەڵام دوای ئەو بڕیارە، لەپشت دەرگەیەکی داخراوی کۆشک ون دەبێت و گەشتێکی پڕ لە پیلانگێڕی سیاسی، بوونەوەرە ئەفسانەییەکان و نهێنییە مێژووییەکان دەستپێدەکات."
ئەو رۆماننووسە باس لە چیرۆکی ناو کتێبەکە دەکات و دەڵێت، "رۆمانەکە تەنیا چیرۆکێکی پاڵەوانی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ئەوەی کارەکتەرەکان بە رەهەندێکی مرۆیی نیشان بدرێن. پاڵەوانی چیرۆکەکە تەنیا قوربانی نییە، بەڵکو دواتر دەزانێت خۆشی بەشێکە لەو شتانەی روودەدەن. هەروەها رۆمانەکە هەوڵدەدات کارەکتەرەکان تەنیا وەک قوربانیی هێزە دەرەکییەکان نیشان نەدات.
شاد قەزاز باسی لەوەش کرد، "من لە ساڵی 2019ەوە دەستم بە لێکۆڵینەوە لە مێژوو و مایتۆلۆژیای کوردی کردووە. هەروەها نووسین بە زمانی هۆڵەندی ئازادییەکی خەیاڵی زیاتری پێبەخشیوم، بەڵام هەمان کات وایکردووە لە زۆر سەرچاوەی تەنیا کوردی دووربکەومەوە. ئەو رۆمانە بە شێوەیەک نووسراوە کە بۆ هەر خوێنەرێک چیرۆکێکی سەربەخۆ و خۆشخوێندن بێت، بەڵام بۆ خوێنەری کورد، ناوەڕۆکەکە رەهەندێکی قووڵتری کولتووری هەیە. هەندێک دیمەن لە رۆمانەکەدا بۆ خوێنەری ناکورد سەیر بوون، بەڵام خوێنەری کورد بە تەواوی تێگەیشتوون، چونکە پەیوەندییان بە فۆلکلۆر و بیرکردنەوەی کوردی هەیە."
دەربارەی گرنگی رۆڵی ئافرەت لەناو کتێبەکەیدا، شاد قەزاز گوتی، "یەکێک لە خاڵە جیاوازەکانی رۆمانەکە، نیشاندانی رۆڵی ژنانە؛ ژنانێک کە بە بێ قسە و بە هێزێکی نهێنی ئاراستەی رووداوەکان دەگۆڕن. لە کولتووری کوردیدا زۆرجار ئافرەتان لە پێشەوە نین، بەڵام زۆر جار ئەوانن ئاراستەی رووداوەکان دیاری دەکەن."
شاد قەزاز، رۆمانووسی کورد، خەڵکی رانیەیە و دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە. خاوەنی چەندین کتێبی جۆراوجۆرە بە زمانی کوردی و هۆڵەندی و ئینگلیزی و خوێنەری باشی هەیە.
