ستارمەر بەنیازی دەستلەکارکێشانەوەیە بەڵام مەرجی هەیە

رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە نزیکەکانی راگەیاندووە بەنیازی دەستلەکارکێشانەوەیە لە پۆستەکەی.

یەکشەممە 16ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی لە زاری دان هۆدجز، رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسییەوە گواستوویەتییەوە کە سەرچاوەکانی ئاماژە بەوە دەکەن ستارمەر بڕیاری رۆشتنی داوە، بەڵام دەیەوێت ئەو هەنگاوە بە مەرجەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

بەپێی گوتەی هۆدجز، ئەندامێکی حکوومەت پێی راگەیاندووە: "کییەر لە راستییە سیاسییەکان تێدەگات و دەزانێت کە پشێویی ئێستا قابیلی بەرگەگرتن نییە، ئەو تەنها دەیەوێت بە شکۆوە و بە شێوازی خۆی دەست لەکار بکێشێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە ململانێیەکی ئاشکرای ناو پارتی کرێکاران بکات و ئێستا سەرقاڵی دیاریکردنی خشتەیەکی کاتییە بۆ رۆشتنی.

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا یان پارتی کرێکارانەوە لەسەر راستیی ئەم زانیارییانە دەرنەچووە.

بەپێی "دەیلی مەیل"، کاتی راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکە هێشتا دیار نییە، هاوپەیمانە نزیکەکانی ستارمەر داوای لێ دەکەن چاوەڕێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ناوچەی ماکرفێڵد لە مانچستەر بکات، کە ئاندی بێرنهام، سەرۆکی شارەوانی مانچستەر تێیدا کاندیدە و وەک جێگرەوەی ستارمەر بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە و وڵات دەبینرێت.

ئەم قەیرانە سیاسییەی بەریتانیا دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 7ـی ئایار هات کە تێیدا پارتی کرێکاران تووشی شکستێکی گەورە بوو.

بەپێی تۆڕی "سکای نیوز"، زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران پشتیوانی لە دەستلەکارکێشانەوەی ستارمەر دەکەن، رۆژی پێنجشەممەش وێس ستریتینگ، وەزیری تەندروستی دەستی لەکارکێشایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، متمانەی بە ستارمەر نەماوە.

وێس ستریتینگ رۆژی شەممە داوای کێبڕکێیەکی راستەقینەی کرد بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەیەک و رایگەیاند، ئامادەیە خۆی کاندید بکات، هەروەها گوتی، پێویستە بەریتانیا پەیوەندییەکی نوێ و تایبەت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دروست بکات و لە داهاتوودا بگەڕێتەوە ناو ئەو یەکێتییە.