وادەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دیاریی کرا
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانەوە، خشتەی فەرمی و کۆتایی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە سەرجەم بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و پیشەیی ناحکوومی) بۆ خولی یەکەمی ساڵی خوێندنی (2025-2026) بڵاو کردەوە، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەست پێبکات.
یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵی خوێندن بە شێوازێکی رێکخراو، خشتەی فەرمیی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (خولی یەکەم)ـی بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) بڵاو کردەوە.
بە پێی ئەو خشتانەی بڵاو کراونەتەوە، تاقیکردنەوەکان سەرجەم بەشە ئەکادیمی و پیشەییەکان دەگرێتەوە، کە پێکدێن لە بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی بە هەموو لقەکانییەوە، لەگەڵ پیشەیی ناحکوومی).
خشتەی کاتی تاقیکردنەوەکان:
پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک دابەش کراوە بەسەر رۆژانی هەفتەدا، بە جۆرێک تەنیا رۆژانی (یەکشەممە و چوارشەممە)ی هەموو هەفتەیەک تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت. یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکان دەکەوێتە رێکەوتی (14ـی 6ـی 2026) و کۆتا تاقیکردنەوەش لە رێکەوتی (8ـی 7ـی 2026) دەکرێت.
دابەشبوونی بابەتەکان بەپێی بەشەکان:
لە خشتەکاندا بە وردی رەچاوی جیاوازیی بابەتەکان کراوە:
بەشی زانستی و وێژەیی: تاقیکردنەوەکان بە وانەکانی (زیندەزانی بۆ زانستی / مێژوو بۆ وێژەیی) دەست پێدەکەن. دواتر بە دوای یەکدا وانەکانی (زمان و ئەدەبی کوردی، بیرکاری، ئایین و زمانی عەرەبی، کیمیا/ئابووری، زمانی ئینگلیزی، فیزیا/جوگرافیا) ئەنجام دەدرێن و کۆتا رۆژیش تەرخان کراوە بۆ زمانەکانی (تورکمانی و سریانی) لەگەڵ ئایینیی مەسیحی.
بەشە پیشەییەکان (پیشەسازی، بازرگانی، بەرهەمهێنانی رووەکی، گەشتوگوزار و هتد...): تاقیکردنەوەکانیان بە وانە بنەڕەتییەکانی تایبەتمەند بە هەر بەشێک دەست پێدەکات (وەک: زانستە پیشەسازییەکان، بەڕێوەبردنی تاکەکان و کۆگاکان، بەڕێوەبردنی چاندنگە و ژمێریاری و هتد....)، دواتر تاقیکردنەوەی زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) و وانە زانستییەکانی پەیوەست بە پسپۆڕییەکانیان ئەنجام دەدەن.
بەشە پیشەییە ناحکومییەکان: کە لقەکانی وەک (نێتۆرک، وێب دیزاین، تەلارسازی، کارگێڕی، ژمێریاری و دیزاینی ناوەوە) لەخۆ دەگرێت، بە هەمان شێوە لە (14ـی 6) بە بابەتە تەکنیکی و کارگێڕییەکان دەست پێدەکەن و هاوتەریب لەگەڵ خوێندنگە حکوومییەکاندا کۆتایی بە تاقیکردنەوەکانیان دەهێنن.
رێنماییە توندوتۆڵەکانی لیژنەی باڵا:
لە پاڵ خشتەی بابەتەکاندا، وەزارەتی پەروەردە جەختی لە چەند رێنماییەکی گرنگ و بنەڕەتی کردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم خوێندکاران پێوەی پابەند بن:
کاتی دەستپێکردن: تاقیکردنەوەکان رۆژانە کاتژمێر (7:30)ـی بەیانی دەست پێدەکەن، بۆیە پێویستە قوتابییان پێش ئەو کاتە لە هۆڵەکانیاندا ئامادە بن.
مامەڵەکردن لەگەڵ پشووەکان: ئەگەر هەر رۆژێکی تاقیکردنەوە هاوکات بوو لەگەڵ پشوویەکی فەرمیدا، ئەوا دەچێتە رۆژی دواتر و خشتەکە بە هەمان ریزبەندی پێشوو بەردەوام دەبێت.
بەکارهێنانی ئامێری بژمێر (حاسیبە): بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویستیان بە ئامێری بژمێر هەیە، قوتابییان تەنیا مافی ئەوەیان هەیە ئەو جۆرە ئامێرانە بەکار بهێنن کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە ەێگەپێدراون، بەکارهێنانی هەر ئامێرێکی دیکە قەدەغەیە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە زووتریش لە کاتی خۆی راگەیەندراوە، تاوەکوو قوتابییانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی کاتی پێویست و گونجاویان لەبەردەستدا بێت بۆ داڕشتنی خشتەی سەعییکردن و ئامادەکاریی دەروونی و زانستی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە چارەنووسسازە.


