لە هەولێر 30 بەنزینخانە سزا دران
بە هۆی خراپی کوالێتی بەنزینەکەیان لە هەولێر 30 بەنزینخانە سزادراون، لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەڵمەتی پشکنین و گەڕان بۆ سەر بەنزینخانەکان بەردەوام دەبێت و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، سالار محەمەد لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان و لە بەرانبەر دەستکاریکردنی کوالیتی بەنزین، لەمانگی رابردوودا 12بەنزینخانە و لەسەرەتای ئەو مانگەشدا تاوەکو ئەمڕۆ 8 بەنزینخانە لەهەولێر و دەوروبەری لەلایەن لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر سزادراون.
سالار محمەد گوتیشی، لیژنەکانی بەدواداچوون رۆژانە زیاتر لە 30 بەنزنیخانە بەسەر دەکەنەوە و پشکنین بۆ کوالێتی ئەو بەنزینەی بە هاووڵاتیانی دەفرۆشن ئەنجام دەدەن، ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی جۆری بەنزین دەبێت رێژەی ئۆکتان بۆ نۆرمال 89، موحەسەن 92 و سوپەر 95 کەمتر نەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانیش دەکەین لە لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنی کوالێتیەکەی لەزووترین کات لیژنەکانمان ئاگادار بکەنەوە.
لە بارەی بڕ و چۆنیەتی سزاکانەوە، لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت، مانگی نیسانی رابردوو بە بڕی 42 ملیۆن و 500 هەزار دینار 12 بەنزینخانە سزادراون، هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ 8 بەنزینخانەی دیکە بە هۆی سەرپێچییەوە بە بڕی 37 ملیۆن دینار سزدراون، جەختی لەوەشکردەوە، جگە لە پێبژاردن ئەو بەنزینخانانە ماوەی چەند رۆژێکیش دادەخرێن، ئەگەر سەرپێچیەکەش دووبارە بکەنەوە سزاکەیان زیاتر دەبێت و ماوەی داخستنیشیان درێژتر دەکرێتەوە.