لەندەن.. فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ" نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ"، کە لەلایەن دیاکۆ بایز کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، لە زانکۆی سەواس، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا نمایش دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، دیاکۆ بایز، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی گوت، "فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ"، لەلایەن ساوێن یاسین رێکخراوە کە لە لەندەن نمایش بکرێت، هەر یەکە لە، رزگار باهیر و دیمەن زەندی و حەمە شێروانی و یاسین عومەر و شازادە جەبار و هێڤار جەبار رۆڵی تێدا دەگێڕن. 

دیاکۆ بایز گوتیشی، "نمایشەکە بێبەرانبەرە بۆ ئامادەبووان، بە مەرجێک پێشتر ناوی خۆیان تۆمار کردبێت و لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن، ئەو فیلمە بۆ منداڵی خوار تەمەن چواردە ساڵان گونجاو نییە. هەروەها داوا دەکەین سەرجەم بینەران بە جلوبەرگی کوردیش لە هۆڵەکە ئامادەبن، ئەمەش وەک بەشێک لە رەنگدانەوەی ناسنامەی کولتووری چالاکییەکە."

ئەو دەرهێنەرە باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ"، چیرۆکی ژیانێکی قورس و ناخۆش دەگێڕێتەوە، کە تێیدا "سامان"، کرێکارێکی پاککردنەوەی مەنهۆڵەکانە، و لە ژێر بارودۆخێکی ئابووری و دەروونی سەختدا دەژی. دواکەوتنی مووچە، نەخۆشیی منداڵەکەی و ژیانی ناڕەحەتی ناچاری دەکات لەنێوان ویژدان و هەڵبژاردەیەکی مەترسیداردا بڕیار بدات. فیلمەکە بە زمانێکی رەخنەگرانە و مرۆیی، بابەتەکانی هەژاری، ناچاری و ململانێی ناوەکی مرۆڤ دەخاتە بەر باس."

بڕیارە، رۆژی شەممە، 23ی ئایاری 2026، فیلمی سینەمایی "مەنهۆڵ"، لە زانکۆی سەواس، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا نمایش بکرێت.