وێنەی مانگە دەستکردەکان قەرەباڵغی لە نزیک دوورگەی خارگی ئێران ئاشکرا دەکەن
وێنەی مانگە دەستکردەکان نزیکەی 23 کەشتی نەوتیان لە نزیک ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێران تۆمارکردووە، ئەمەش گەورەترین کۆبوونەوەی کەشتییەکانە لە دەوروبەری دوورگەی خارگ لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکانەوە.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی زانیارییەکان کە ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، ژمارەیەک کەشتی گواستنەوەی نەوت لە دەوروبەری دوورگەی خارگ مانەوەتەوە، بە تایبەت لە ناوچەکانی چاوەڕوانی یان لە شوێنی بارکردنی نەوتی خاو و گازی شل، ئاماژە بەوەشکراوە، وێنەکان لە لایەن مانگە دەستکردەکانەوە لە 16ـی ئەم مانگە وێنەگیراون.
جەخت لەوەشکردوەتەوە، ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لەوەی لە 13ـی نیساندا بینراوە کە تەنها 4 کەشتی لەو ناوچەیە بوون، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای عومان بە مەبەستی چاودێریکردن و راگرتنی کەشتییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، چارلی براون، راوێژکاری رێکخراوی یەکگرتووان دژی ئێران رایگەیاندووە، کۆبوونەوەی کەشتییەکان لە ناوچەکانی چاوەڕوانی دەوروبەری دوورگەکە نیشانەی زیادبوونی دواکەوتن و دروستبوونی پەککەوتنە لە سیستەمی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێراندا.
باسی لەوەشکردووە، بەهۆی پەککەوتنی هەناردەکردنەوە، چالاکییەکان لە دوورگەی خارگ خاو بوونەتەوە و کۆگاکانی نەوت لەو ناوچەیەدا پڕ بوون.
بلومبێرگ ئاماژەی بەوە شکردووە، بەهۆی ئەوەی کەشتییە پڕەکان ناتوانن ناوچەکە جێبهێڵن و کەشتیی نوێ و بەتاڵیش ناتوانن بچنە ناوەوە بۆ بارکردنی نەوت، بۆیە ئێران ناچار بووە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی کەم بکاتەوە.