بەهۆی دواخستنی هێرشی سەر ئێران نرخی نەوت دابەزی
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 2% دابەزی، ئەم دابەزینەش بەهۆی دواخستنی هێرشی سەر ئێران بووە کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بۆ سەر ئێران دوادەخات، بۆ ئەوەی رێگە بە دانوستانەکان بدات بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گرێبەستەکانی ئایندەی نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی تەممووز بە ڕێژەی 3.01 دۆلار، واتە 2.7% دابەزی و گەیشتە 109.09 دۆلار، لە کاتێکدا گرێبەستی ئایندەی نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بۆ مانگی حوزەیران بە ڕێژەی 1.38 دۆلار دابەزیوە، واتە 1.3%، بۆ 107.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەەمش دوای ئەوە دێت کە هەردوو جۆر نەوتی خاو لە سەرەتای مانگی ئایارەوە گەیشتنە بەرزترین ئاستی خۆیان.
دۆناڵد ترەمپ دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، چانسی زۆر باش هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، بۆ ئەوەی رێگری لە تاران بکات دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
شرۆڤەکاران پێیان وایە لێدوانەکانی ترەمپ فشاری سەر بازاڕەکانی کەمکردووەتەوە، بەڵام مەترسییە سەرەکییەکان هەر ماون، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامی نیگەرانی لە پێشهاتەکانی گەرووی هورمز، کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.