ئیلاف سەلام: لە رێگەی کەمانچەوە هەوڵ دەدەم رۆح و ناسنامەی موزیکی کوردی بپارێزم
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، ئیلاف سەلام، خانمەهونەرمەندی موزیکژەن، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی کارە هونەرییەکانی و باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات.
ئیلاف سەلام دەڵێت: "زۆرێک لە گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرە گەنجەکان بە دوای "ترێند"، دەکەون و هەوڵ دەدەن ئەوەی لە سۆشیال میدیا دەبینن دووبارەی بکەنەوە، بێ ئەوەی ناسنامە و رۆحی تایبەتی خۆیان هەبێت."
ئیلاف سەلام، خانمەهونەرمەندی موزیکژەن، دەربارەی ئەزموونی کارە هونەرییەکانی بە کوردستان24ی گوت: "لە ماوەی چالاکییە هونەرییەکانمدا، بەشداریی زۆرێک لە فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی ناوخۆییم کردووە، بە تایبەتی لە چالاکییەکانی ناو پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکووک. یەکێک لە گرنگترین بەشدارییە هونەرییەکانم، ئامادەبوونم بوو لە کۆنسێرتی "کوردستان یەک پارچە"، کە وەک کەمانچەژەنێک بەشداریم تێدا کردووە و بە ئامێری کەمانچە، هەوڵم داوە رۆحی نەتەوەیی و جوانیی موزیکی کوردی بگەیەنمە گوێی بینەر و گوێگر. من هەمیشە باوەڕم وایە کە هونەر، تەنیا پێشکەشکردنی ئاواز نییە، بەڵکو پاراستنی ناسنامە و مێژووی گەلێکە. بۆیە لە رێگەی کەمانچەوە هەوڵ دەدەم رەسەنایەتی موزیکی کوردی بپارێزم و بیگەیەنمە نەوەی نوێ، چونکە ئەم میراتە هونەرییە بە نرخترە لەوەی لەناو ترێند و شێوازی کاتی ون ببێت."
ئیلاف سەلام گوتیشی: "فەلسەفەی هونەری من زیاتر لە تەنیا ژەنینی ئامێرە. من پێموایە موزیک زمانێکی جیهانییە کە هەست و ناخی مرۆڤ دەردەخات، ئەو هەستانەی کە زۆرجار وشە ناتوانێت بە تەواوی بیانگوازێتەوە. هەروەها محێدین بن عەرەبی لە بیرکردنەوەکانی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە؛ "هەندێک هەست هەن ناکرێتە ناو قاڵبی وشەوە"، موزیکیش ئەو توانایەی هەیە ئەو هەستانە بە شێوەیەکی پاک و راستەقینە دەربخات، بێ ئەوەی بکەوێتە سنووری دەربڕین. بۆ من، کاتێک مرۆڤ ئامێر دەژەنێت، تەنیا دەنگێک دروست ناکات، بەڵکو بەشێک لە ناخ و یادەوەرییەکانی خۆی دەخاتە ناو ئەو ئاوازە."

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە ناسنامەی موزیکی کوردی دەکات و دەڵێت، "لە روانگەی من دا، موزیکی کوردی خاوەنی ناسنامەیەکی مێژوویی و تایبەتی خۆیەتی، و گوێگر دەتوانێت بە ئاسانی جیاوازییەکەی بناسێتەوە. یەکەم سرودی کوردی بە ناوی "خوری"، زیاتر لە 3400 ساڵ تەمەنی هەیە و بە خەتی مسماری نوسراوە، کە ئەوە خۆی بەڵگەیەکی گەورەی مێژووییە بۆ کۆنی و دەوڵەمەندیی موزیکی کوردی. بۆیە من پێموایە موزیکی کوردی لە رێگەی "مەقامی کورد"، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر موزیکی ناوچەکانی تر وەک تورکیا، ئیسپانیا و وڵاتانی عەرەبی و فارسی هەبووە. ئەوەش نیشان دەدات کە موزیکی کوردی تەنیا موزیکێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە مێژووی هونەری مرۆڤایەتی."
ئیلاف سەلام ئاماژەی بەوەش دا، "من باوەڕم وایە کەمانچە لە قورسترین ئامێرەکانە، چونکە پێویستی بە راهێنانی رۆژانە، ئاراستەکردنی ورد و خۆدان بە هونەر هەیە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو قورساییانەشدا، ئەوەی گرنگترە ئارەزوو و خۆشەویستییە بۆ موزیک، چونکە بە بڕوای من هیچ ئامێرێک بەبێ حەز و پشتبەستن بە هونەر فێر نابێت. ئەگەر هونەرمەند دڵی لەگەڵ ئامێرەکەی نەبێت، ناتوانێت هەستەکانی خۆی بە گوێگر بگەیەنێت."
دەربارەی گرنگیدان بە موزیکی رەسەنی کوردی لە گۆرانییەکانی ئێستادا، ئیلاف سەلام گوتی، "بەداخەوە زۆربەی گۆرانییە کوردییەکانی ئێستا، لاساییکردنەوەی موزیکی وڵاتانی ترن. بە بڕوای من، زۆرێک لە گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرە گەنجەکان بەدوای "ترێند"، دەکەون و هەوڵ دەدەن ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا دەبینن دووبارەی بکەنەوە، بێ ئەوەی ناسنامە و رۆحی تایبەتی خۆیان هەبێت. من پێموایە هونەری راستەقینە ئەوەیە کە هەست و ناسنامەی نەتەوەیی لە خۆ بگرێت، نەک تەنیا شوێنکەوتنی مۆدە و شێوازی کاتی. هەروەها کورد خاوەنی ئاوازدانەری باش و بەهێزە، بەڵام گۆڕانی چێژی گوێگر و کاریگەریی میدیای نوێ وای کردووە موزیکی رەسەن کەمتر گوێی بۆ بگیرێت، و ئەمەش بەرپرسیارییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی هونەرمەندان بۆ پاراستنی رەسەنایەتی."
لەکۆتایی قسەکانی دا، ئیلاف سەلام باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت، "پڕۆژەی داهاتووم ئەوەیە کە گرنگییەکی زۆر بە فێرکردنی قوتابییەکانم بدەم، بۆ ئەوەی نەوەیەکی نوێی موزیکژەنی ئەکادیمی و پابەند بە ناسنامەی موزیکی کوردی پەروەردە بکەم. من دەمەوێت قوتابییەکانم تەنیا فێری ژەنینی ئامێر نەبن، بەڵکو فێری هەستکردن بە هونەر و پاراستنی رۆحی موزیکی کوردیش بن."
ئیلاف سەلام، خانمە هونەرمەندیموزیکژەن، خەڵکی شاری کەرکووکە. لە ساڵی 2014ـەوە چووەتە نێو بوارە هونەرییەکە و خوێندنی لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی کەرکووک تەواو کردووە لە بەشی موزیک و ئامێری کەمانچە. دوای چەندین ساڵ خوێندن و راهێنان، لە ساڵی 2019 بووەتە مامۆستای کەمانچە لە هەمان پەیمانگە و، لەوێوە دەستی کردووە بە دروستکردنی نەوەیەکی نوێی موزیکژەنی ئەکادیمی.
