رۆژگار جەعفەر: سەرجەم حاجییانی کوردستان لە مەککەن و دۆخی تەندروستییان زۆر باشە

"23 پزیشک و نۆرینگەی 24 کاتژمێری لە خزمەتی حاجییانی کوردستاندان"

بەرپرسی راگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف بۆ پرۆسەی حەجی 2026 رایدەگەیەنێت، زیاتر لە پێنج هەزار حاجی هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شاری مەککە و رەوشی تەندروستییان لەو پەڕی باشیدایە. هاوکات ئاشکرای دەکات، پلانێکی تۆکمە بۆ گواستنەوەی حاجییان بۆ مەشعەرەکانی عەرەفە و مینا داڕێژراوە و تیمی پزیشکیش لەگەڵیاندا دەبێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: "تا ئێستا پێنج هەزار و 120 حاجی هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی گەیشتوونەتە سعوودییە، کە پێکهاتوون لە دوو هەزار و 368 ئافرەت و دوو هەزار و 752 پیاو، ئێستا سەرجەمیان لە شاری مەککەن."

لە بارەی پلانەکانی رۆژی عەرەفە، رۆژگار جەعفەر روونی کردەوە، کە پرۆسەی گواستنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی حاجییان لە رێگەی پاسی تایبەت و بەپێی بەرنامەیەکی رێکخراو دەبێت بۆ سەر چیای عەرەفە و پاشان بۆ مینا و موزدەلیفە. 

ئاماژەی بەوەش دا، کە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسە گەورەیە، "48 فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف و 105 کۆمپانیا لە مەیدانەکەدان، هاوشانی 31 مورشیدی ئایینی و 3 موفتی کە رێنمایی شەرعی پێشکەش بە حاجییان دەکەن. هەروەها چوار کارمەندی ئافرەتیش لەناو ستافەکەدا هەن بۆ هاوکاریکردن و کارئاسانیکردن بۆ حاجییە ئافرەتەکانمان."

 

رەوشی تەندروستیی حاجییان و هەنگاوێکی بێپێشینە

سەبارەت بە رەوشی تەندروستی، بەرپرسی راگەیاندنی شاندەکە مژدەی دا کە تەندروستی سەرجەم حاجییان "زۆر زۆر باشە" و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو تۆمار نەکراوە.

لەو چوارچێوەیەدا گوتی: "23 پزیشکی پسپۆڕ و یاریدەدەری پزیشکی یاوەری حاجییانن. نۆرینگەیەکی پزیشکیی تایبەت کراوەتەوە، کە 24 کاتژمێر بە پێی خشتەیەکی رۆژانە کراوەیە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر و، تەواوی دەرمانی پێویستیشیان لەبەردەستدایە."

یەکێک لەو هەنگاوە ناوازانەی کە شاندی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی حەجی ئەمساڵدا گرتوویەتییەبەر، بردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانە بۆ سەر چیای عەرەفە. رۆژگار جەعفەر لەم بارەیەوە گوتی: "تیمی پزیشکیمان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی دەرمان و پێداویستییەکان لەگەڵ خۆیان ببەنە سەر چیای عەرەفە، بۆ ئەوەی خوانەخواستە هەر حاڵەتێکی کتوپڕ روویدا، دەستبەجێ چارەسەر بکرێت. جێگەی شانازییە بڵێین کە جگە لە هەرێمی کوردستان، تیمی پزیشکی هیچ وڵاتێکی دیکە بەم شێوەیە ئامادەکاری نەکردووە بۆ بردنی دەرمان بۆ سەر مەشعەری عەرەفە."

 

کوالێتی هۆتێل و خواردنی کوردەواری

سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی مانەوە، بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف پشتڕاستی کردەوە کە حاجییانی کورد لە یەکێک لە هۆتێلە باشەکانی شاری مەککە نیشتەجێ کراون، کە شوێنەکەی زۆر نزیکە لە حەرەم و حاجییان دەتوانن لە ماوەی نزیکەی 20 خولەکدا بە ئاسانی و بێ کێشە هاتوچۆ بکەن.

لە بارەی دابینکردنی خۆراکیشەوە، ئاماژەی بەوەدا کە سێ ژەمە خواردنی کوالێتی بەرز بۆ حاجییان دابین کراوە و گوتی: "چوار شێفی لێهاتوومان لە هەولێرەوە هێناوە کە رۆژانە خواردن بە تاموچێژی کوردەواری ئامادە دەکەن. لە ئامادەکردنی خۆراکەکاندا بە وردی رەچاوی باری تەندروستی حاجییان کراوە، بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و، رۆژانە پزیشکەکانمان سەرپەرشتی و پشکنین بۆ خواردنەکان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە تەندروستبوونیان."

 

شەفافییەت و پەیامێک بۆ خێزانی حاجییان

بۆ رێگریکردن لە هەر دەنگۆ و هەواڵێکی چەواشەکارانە، رۆژگار جەعفەر جەختی لە پرەنسیپی شەفافیەت کردەوە و گوتی: "ئێمە لە مەیدانەکەین؛ خوانەخواستە هەر دەنگۆیەک لەسەر حاجییان و پرۆسەی حەجی ئەمساڵ بڵاوببێتەوە، راستەوخۆ بە ڤیدیۆ و بە شێوەیەکی مەیدانی راستییەکان لە رێگەی پەیجی فەرمی وەزارەتەوە بۆ رای گشتی دەخەینە روو."

بەرپرسی راگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و رایگەیاند: "هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری حاجییان دڵنیا دەکەینەوە کە ئازیزانیان لە دەستێکی زۆر ئەمیندان. ئێمە وەک ستافی وەزارەتی ئەوقاف شەرەفمەندین بە خزمەتکردنیان و هیچ کەمتەرخەمییەک لە دابینکردنی ئاسوودەیی بۆیان ناکەین، تا ئەو کاتەی بە سەلامەتی و بە حەجێکی قبوڵکراوەوە دەگەڕێنەوە نیشتمان."